نیشتمان ئاوها توشی هەڵدێر دەکرێ!

سەرۆ قادر

سەندنەوەی نەوت لە حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار لەمێژووداو هاتنەوەی ئەو سامانە سروشتیە گرنگە لە ڕووی ئابووری بۆ ناوفەرمانڕەوایی و سەروەری نیشتیمانی ئێمە کە بکەویتەوە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەئایندەشدا دەکەوێتە دەست ئەو دەوڵەتەی کە دروست دەکرێ بەناوی دەوڵەتی کوردستان.

ئەو کێشەیە کێشەیەکی ئاسان نەبوو کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ بەرێز نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە ڕاوێژکردن بۆ ئەوەی بەپێی مادەییەک لە دەستوری عێراق بتوانێ نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهەم بێنی و بیفرۆشێت و بیخاتە ناو بودجەی هەرێمی کوردستان.

وەک ئەوەی هەموو لایەک ئاگادارین ئەوە کێشەیەکی یاسایی زۆر گەورەبوو لە مێژووی عێراق کە یاساناسە نێودەوڵەتیەکان و عێراقی و کوردستانیەکان تێیدا بەشدار بوون، سەرەنجام بە بەرژەوەندی کوردستان یاساکە شیکرایەوە و هەرێمی کوردستان یەک لایەنە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق هەوڵیدا نەوت بنێرێ بۆدەرەوە، بۆئەومەبەستەش پێویستی بووکە لەدەرەوەی کوردستان بکەویتە دانوستاندن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە:

یەکەم: کە ڕێگە دەدەن نەوت بەوێدا تێپەڕێ. دووەم: یارمەتی کوردستان دەدەن بازاڕی نەوت بدۆزێتەوە. سێیەم: لەبازاڕی نەوتدا کوردستان وەک وڵاتێکی نەوت فرۆشی لێ بێت، تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی نەوتەکەی بفرۆشێت.

لەم پڕۆسەیەدا کە ئێستا لە ساڵی ٢٠١٧داین واتا بەر لە١٢٢ ساڵ ئەو هەوڵە دەستی پێکردووە، لەو ماوەیەدا حکومەتی کوردستان قۆناغی جیاجیای بڕیوە و توانی سەرکەوتنێکی گەروە تۆماربکات، نێچیرڤان بارزانی لە مێژوودا ئەو شانازی بۆدەمێنیتەوە، ئەوەش چەکێکی گەورەیە لە دەستی سەرۆک بارزانی سەرۆکی کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی و دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرەکانی شەڕ لەدژی داعش، هەروەها هەر ئەو سەرچاوە نیشتیمانیە بوو کە توانای بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەو هەموو گوشاری شەڕی داعش و تەنگوچەڵەمە سیاسی ناوخۆ و داڕمانی ئابووری جیهانی و گوشار و گەمارۆ ئابووریەیی حکومەتی عێراقی هەم خۆی بپارێزێ، هەم پارێزگاری لەداڕمانی حکومەتەکەی بکات و بتوانێ بەلایەنی هەرەکەمی موچەیەک بۆ هاوڵاتیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکات و دامودەزگاکانی دیکەی حکومەت و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووری بەشێوەیەکی گشتی لەکارنەکەوێت و ئومێدی ئەوە هەبێ ئەوانەی کاریشان کەم بووە لەڕۆژێکی گەشدا دەست بەکارەکانیان بکەنەوە. ئەوە ڕوونکردنەوەیە بۆ کێشەی نەوت، کە دۆسیەکەی ئێستا لەدەستی کوردستاندایە.

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و لاباڵێک لە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا بەتەواوی لەگەڵ نووری مالیکی و حکومەتی عێراق و ئاڕاستەی ئێرانی یەکیان گرتووە کە لەم قۆناغەدا کوردستان سەرقاڵی ئەوە بکەن گوایە حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر نەوت داگرتووە و نایدات بە عێراق و بەشیوەیەکی نایاسایی دەیفرۆشێ و پارەکەی دەڕوات بۆ باخەڵی چەند کەسێک، ئەوە قسەیەکی زۆر سادە و زۆر بێ جێییە کەتەنها لە پڕوپاگەندە و شەڕی دەرونی دێت کە ئێران و عێراق بە قیادەی نووری مالیکی دەیکات، ئەوەی جێی داخە ئەو حزبانەی کە ناومان بردن و پەرلەمانتارەکانیان و بەشێکی زۆر لە نوسەرەکانیان بەبێ ئەوەی کە زانیارییەکی تۆکمەیان هەبێ کەوتونەتە وێزە و گیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ ساڵە حکومەت تۆمەتباردەکەن و هەوڵدەدەن کە هاوڵاتیان متمانەیان بەحکومەتەکەی خۆیان نەمینێ، لەوبارودۆخە سیاسیەی ئێستا کەبارودۆخی کوردستان بەروە سەربەخۆیی دەچێ و سەرکەوتنی گەورە و مێژووی کە لایەنێکی جیهانیشی هەیە بەسەر داعش تۆمارکراوە و ئەمڕۆ کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر لە سەربەخۆیی نزیک کەوتۆتەوە و پێویستی بە یەکپارچەیی ناوخۆیی هەیە، ئالەوکاتەدایە ئەو بالۆرەیە و ئەو پرو پاگەندەیە لەسەری بەردەوام دەبن و پێیان وایە کە دەتوانن ئامانجێک تۆماربکەن، ناوەڕۆکی پروپاگەندەکەیان ئەوەیە دەبێت نەوت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، لەوکاتەی کورد لە عیراق جیادەبێتەوە و حکومەتی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی توانیویەتی ئەو دەستکەوتە دابین بکات.

قسەکردن لەسەر ئەو پرسە عێراقچێتیە، عیراقچێتیش دژی کوردستانی بوونە، دژی کوردستانی بوونیش خیانەتە، خیانەتیش لەوە زیاتر نیە کە بتەوێت سەروەت لە حکومەتەکەی خۆت بسەنیتەوە و بیدەی بە حکومەتێکی تر کە ئەو حکومەتەش حکومەتێکی شۆفێنی تائیفیە و لەهەمانکاتدا داڕماوە و ئێران لە دوورەوە بەڕێوەی دەبات. ئەوە سەرباری ئەوەی میلیشاو خەڵکێکی زۆر دەست ڕەش چاوەرێی ئەوە دەکەن هەرکاتێ دەرفەتیان هەبێ پەلاماری کوردستان بدەن، لەم ڕووەوە لە مێژوودا ئەو دیاردەیە و هەڵوێستەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێک لە یەکێتی نیشتیمانی و پەرلەمانتارەکانیان لە بەغداو نوسەرەکانین وەک قۆناغێکی ڕەش لەژیانی ئەوانەدایە و وەک قۆناغێکی سەختیش لە میژووی میللەتەکەماندا بۆ سەربەخۆیی دەمینیتەوە.

Back to top button