وەزیری ناوخۆ پلانمان نیە دوای جەژن قەدەغەی هاتووچۆ درێژبکەینەوە
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، “مەبەستی ئێمە لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە جەژندا بۆ ئەوەیە کەمترین بەرکەوتن لەنێوان هاووڵاتیان دروست ببێت، ئەگەرنا سەردانکردنی خۆشەویستان لە رۆژی جەژن وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئایینی دەبینین، کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا باوە، بەڵام بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە باشمان زانی قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنین”.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێبهر ئهحمهد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێکارەکان و هۆکاری قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژنی رەمەزان رایگەیاند، “ئێستا مەترسیی کۆرۆنا لەسەر هەرێمی کوردستان لە جاران زیاترە، چونکە ئێستا حاڵەتی تووشبوونمان هەیە، کە نازانین سەرچاوەی کێیە و لە کێوە تووش بوون”.
لەبارەی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند رۆژی رابردوو، رێبەر ئەحمەد گوتی: “ئاماژەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەی تووشبووان لە ماوەی هەفتەیەکدا گهیشتووهته زیاتر له 40 حاڵەت. ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوون لە ماوەی رابردوودا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە ئەو ڤایرۆسە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە بڵاوبووەتەوە”.
روونیشیكردهوه، هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پێشکەوتووش لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە، رێبەر ئەحمەد لەبارەی هۆکاری سەرکەوتنەکەوه گوتی: “پێشتر بەپێی سیاسەتی بەرگری و هێرشکردن بۆ سەر ڤایرۆسەکە توانیمان بەسەر ئەو ڤایرۆسە زاڵ بین و رێگەنەدەین وەکو وڵاتانی دیکە بڵاوببێتەوە”. هەروەها گوتی: “ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە ناڕوونە، سەرچاوەی تووشبوونی حاڵەتەکانی دواییە، کە ئەوەش سەرچاوەی مەترسییە، ئێستا خەڵکانێک تووشدەبن لە کۆمەڵگە، کە ئێمە نازانین سەرچاوەی یەکەمیان کە بووەتە هۆی تووشبوونیان کێن و بەرکەوتەیان لەگەڵ کێ بووە”.
جەختیشیکردەوە لەوەی، “ئێمە نازانین ئەوانەی پێشتر تووش بوون و بەرکەوتەیان هەبووە لەگەڵ ئەوانەی ئێستا و تووشیان کردوون، یان ئەوانەی لە عێراق و وڵاتانی دیکە دێنەوە دواتر تووشیان دەکەن، پێمانوایە ژمارەیەکی زۆرتر لە تووشبووان لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئێمە هەستمان پێنەکردووە”.
لەبارەی هۆکاری کرانەوەی بازاڕەکان لە رۆژانی پێشوو و پەیڕەوکردنی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە رۆژانی جەژن، رێبەر ئەحمەد روونیكردهوه، “پەیامی جۆراوجۆرمان بەدەست گەیشتووە، بۆچی بازاڕەکان کرانەوە، بەڵام جەژن قەدەغەی هاتووچۆ دەکرێت؟ دەمانەوێت ئەوە بڵێین ئێمە لە حکومەت لەژێر فشاری ئابووری کە بۆ هاووڵاتیان هات، هەستمان کرد دەبێت خەڵک خەریکی کەسابەت بن و داهاتیان پەیدا بکەن، بۆیە بازاڕەکانمان کردەوە”.
بەشێکی هاووڵاتیان بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کورد بەرگرییان زیاترە بەراورد بە میلەتانی دیکە، بۆیە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کەمە، بەڵام وەزیری ناوخۆ جەختیكردهوه، لەوەی “ژمارەی ئەو کوردانەی لە دەرەوە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ژمارەی ئەوانە زیاترە کە لە هەرێمی کوردستان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. بۆیه با وا بیرنەکەینەوە ئێمە جینەکانمان باشترە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کورد لە دەرەوەی وڵاتیش و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەو بابەتە موزایەدەی سیاسی و پڕوپاگەندەیە کە دەگوترێت ئێمە بەرگریمان زیاترە و تووشی کۆرۆنا نابین.