وەزارەتى دارایی روونکردنەوەیەک لە بارەى لێدوانێکى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە

دواى ئەوەى کاوە عەلى جێگرى پارێزگاى هەڵەبجە لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو وەزارەتی دارایی بودجەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ پارێزگاکە تەرخاننەکردووە وەزارەتى دارایی روونکردنەوەیەک لە بارەى لێدوانى ئەو بەرپرسەى پارێزگاى هەڵەبجە بڵاو دەکاتەوەو رایدەگەیێنێت تەنها تەموویلى تایبەت بە کەرەنتینە وەستاوە کە لە ئێستادا هیچ کەسێک لەو پارێزگایە کەرەنتینە نەکراوە.
وەزارەتى دارای و ئابوورى لە راگەیێندراوێکدا بە سێ خاڵ وەڵامى کاوە عەلى جێگرى پارێزگاى هەڵەبجە دەداتەوەو رایدەگەیێنێت بەڕێز کاوە علی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە لێدوانی داوە گوایە وەزارەتی دارایی و ئابووری بودجەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە خەرجناکات، بە پێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بدەین بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی ئازیزمان لە پارێزگای ھەڵەبجە لێی ئاگاداربن:
1. ئێستا کەرەنتینەکردن لە پارێزگای ھەڵەبجە نییە بۆیە تەمویل بۆ کەرەنتینەکردن وەستاوە.
2. سەرباری داواکردنی چەند جارەی وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو ئێستا لیستی ناوی ئەو کەسانەی کەرەنتینەکراون لە پارێزگای ھەڵەبجە نەگەڕێنراونەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ پاشان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.
3. لە وەزارەتی تەندروستییەوە سەرجەم پێویستی و خەرجییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردن و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە دابیندەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئێستا هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە نەماوە، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش لە پارێزگاکە تاوەکو ئێستا تەنیا 22 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و سەرجەمیشیان چاکبوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا 496 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 403 کەس چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئێستا 88 نەخۆش ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە