كۆمەڵێك هەڵسوراوی گۆڕان سوكایەتی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەن

خواكوڕك

كۆمەڵێك هەڵسوراوی گۆڕان نامەیەكیان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە لە نامەكەدا ئاماژەیان بە یەكڵاكردنەوەی چارەنووسی رێكەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان كردووە لە نامەكەدا داوا لە حزبەكەیان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە یەكێتی و دەلێن،یەكێتی یاریەكی زۆر ناشرین دەكەن، كە بە زیانی خەڵكی كوردستان و پرۆسەی سیاسی بە گشتی شكاوەتەوە. لە لایەكی ترەوە سەركردایەتی یەكێتی پابەند نەبوە بە تەواوكردنی ئەو رێكەوتنەی كه ‌بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە حكومەتە خۆجێیەكاندا، لە نێوانماندا ئەنجام درا.

 

هەر لەنامەكەدا هاتووە، لە ماوەی رابردو وەك پیشاندانی نیازپاكی و لە پێناو پێدانی دەرفەت بە سەركردایەتی یەكێتی و دروستكردنی متمانە لە نێوان هەردولاماندا، میدیاكانی گۆڕان و زۆرینەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان له ئاست چەندین خواروخێچی و‌ هەڵوێستی دژبەیەك و تەنانەت گەندەڵی بەشێك له بەرپرسان و نوێنەركانی ئەو حیزبە چاوپۆشیمانكرد، ئەمەش تەنهاوتەنها بۆ ئەوەی شانسی سەرخستنی رێكەوتنەكە بە قازانجی خەڵك لە بار نەبرێت. بەڵام ئەمە نەك نەبوە هۆی جێبەجێكردنی،‌ بەڵكو وا خەریكە ئەو هەستە لای رای گشتی دروست دەبێت، كە گۆڕان لە ئاست خواستەكانی خەڵك بێ هەڵوێستەو بوەتە‌ قەڵغان بۆ پەردەپۆشكردنی كارە خراپەكانی گروپە بەرژەوەندیخوازەكانی ناو یەكێتی، كە ئەمەش لە شەقامدا وەك‌ فرویدانی گۆڕان وەسف دەكرێت.

هەرلەنامەكەدا هاتووە، لەم سەروەخەتدا، ئێمە پێمان وایە ئیدی هیچ پاساوێك بۆ بێدەنگی نەماوە‌و، كاتی ئەوە هاتوە لە نزیكترین كاتدا سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی و ئاشكرا ئاگادار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئامادەن رێكەتنەكه جێبەجێ بكەن یان نا؟ ئەگەر ئامادەن ئەوا بفەرمون لە سبەینێوە هەنگاوی كرداری بنرێت، خۆ ئەگەر پەشیمانن، با خۆیان هۆكارەكانی بۆ رای گشتی رون بكەنەوە و كۆتایی بە رێكەوتنەكە‌ بهێنن، خۆ ئەگەر ئەمانەش ناكەن ئیدی كاتی ئەوەیە‌ ئێمە لای خۆمانەوە رای‌ گشتی و بە تایبەت كادران و دەنگدەرانی یەكێتی و خەڵكی خەمخۆری ناو ئەو حزبە، لە هەڵوێستی نا رۆشن و خۆدزینەوەی‌ سەركردایەتیەكەیان ئاگادار بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە لایەك بۆ مێژو راستیەكان بۆ هەموان رون ببنەوە، لە لایەكی تریشەوە گۆڕان بەرچاوڕۆشن و دەستكراوەبێت بۆ كارو هەنگاوكانی داهاتوو.

 

Back to top button