وەزیری کارەبا: لە وەرزی هاویندا دۆخی کارەبا خراپ نابێت

وەزیری كارەبای هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ لەوەرزی هاویندا دۆخی كارەبای نیشتمانی خراپ نابێت وحكومەتیش بەجیددی كار بۆ ئەوە دەكات دابەشكردنی كارەبا بخاتە ئەستۆی كەرتی تایبەت.

كەمال محه‌مه‌د، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی كه‌ناڵی رووداو رایگەیاند: دۆخی كارەبای نیشتمانی لەوەزری هاویندا خراپ نابێت، بەهۆی كەمیی توانای حكومەت لەدابینكردنی گازی سروشتی بۆ ئەو 34 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە سەر بەكەرتی تایبەتن نەتوانراوە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە 320 مێگاوات زیاتر بەرز بكرێتەوە.

وتیشی: هەرچەندە لەهەرێمی كوردستان كێشەی بەرهەمهێنانی كارەبا نییە بەڵام كێشە گەورەكەی كەرتی كارەبا لە گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبادایە بۆ نموونە لە 44%ی كارەبای هەرێمی كوردستان كە نزیكەی 1200 مێگاواتە ون دەبێت واتە كانێك پسولەكان بۆ وەزارەتی كارەبا دەگەڕێنەوە ئەو بڕە نادیارە ئەمەش بەهۆی گواستنەوەو سەرپێچیكردنەوەیە.

وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم راشیگه‌یاند: بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە هەنگاوێكمان ناوە بۆ ئەوەی ئەركی دابەشكردنی كارەبا بكەوێتە سەر ئەستۆی كەرتی تایبەت و حكومەتیش بەجیددی ئەو پلانە جێبەجێ دەكات.

سەبارەت بەقەرزەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا وەزیری كارەبا ئاشكرای كرد: حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزاری هەموو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبایە كە بڕەكەی دوو ملیارو 700 ملیۆن دۆلارە، لەم مانگەدا 25 ملیۆن دۆلار دەدرێتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و لە مانگی داهاتووشدا 25 ملیۆنی دیكەیان پێدەدرێت و لە 3 مانگی داهاتوودا چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نۆژەن دەكرێتەوە بەمەش دۆخی كارەبای نیشتمانی لەوەرزی هاویندا خراپ نابێت .

Back to top button