توركیا لە بەردەم گۆڕانكاری دەستووریدایە

خواكوڕك

‎پەرلەمانی تورکیا لەرۆژی دووشەممەی 9ی 1ی 2017 دەستیكرد بە خستنەرووی تاووتوێکردنی پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتوری وڵاتەکەیان بە مەبەستی زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات، ئەمەش پاش ئەوەی کۆمیتەیەکی پەرلەمان پـرۆژەکەی پەسەندکرد.

‎بەپـێی پـرۆژەی هەموارکردنەکە، گۆڕانكاری بنەڕەتی دروست دەبێت لە پێكھاتەی كوماری توركیا و فۆرمێكی تەواو كوماری و سەرۆكایەتی، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمە لە ئەگەری سەركەوتنی پرۆژەكەی ئاكەپە كە تێدا ھاتووە – “سەرۆکی وڵات دەتوانێت درێژەبدات بە پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ حزبەکەی، دەسەڵاتی دامەزراندنی و لابردنی وەزیرەکانی دەبێت و لەگەڵیدا جێـگیرێـک یان زیاتری دەبێت و دەتوانێت بڕیاری سەرۆکایەتی دەربکات.”

‎هەروەها لە بەشێـکی پـرۆژەکە ژمارەی ئەندامانی “پەرلەمانی وڵاتەکە لە 550 پەرلەمانتارەوە بۆ 600 پەرلەمانتار زیادکراوە و تەمەنی مافی بوون بە ئەندامی پەرلەمان لە 25 ساڵەوە بۆ 18 ساڵ کەمکراوەتەوە.”

‎پارتی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆن (جەهەپە) لەگەڵ پارتی گەلانی دیموكرات (ھەدەپ) لە دژی ئەم هەنگاوەی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدارن و بە هەوڵێـکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی دادەنێن بۆ قۆرغکردنی دەسەڵات. دەڵێن ئەگەربێت و دەستورەکە بەو شێوەیە هەمواربکرێت، ئەوا بۆی هەیە هەتا ساڵی 2029 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی وڵاتەکە بکات کە هەرچەندە لە ساڵی 2003 وە هەتا 2014 سێ جار پـۆستی سەرۆک وەزیری گرتبووە دەست.

‎بەڵام پارتی مەهەپەی ئۆپـۆزسیۆن کە 38 ئەندام پەرلەمانی هەیە، لەم هەنگاوە پشـتیوانی لە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار دەکات کە خاوەنی 317 کورسیـیە لە پەرلەمان، بەمەش بە هەردوو پارتەکە 355 پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە شیانی پەسەندکردنی پـرۆژەکە لە پەرلەمان زۆرە.

‎بەپـێی یاساکانی پەرلەمانی تورکیا، پـێویستە 330 پەرلەمانتار هەموارکردنی دەستورەکە پەسەندبکات بەرەلەوەی بڕیاربدرێت بخرێتە بەردەم خەڵکی تورکیا تاوەکو لە ڕیفراندۆمێـکدا بڕیاری لەسەر بدەن.

‎چاوەڕوان‌ دەکرێت بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە لە پەرلەمانی تورکیا مشتومڕبکرێت لەسەر رەشنووسی ئەم پرۆژە یاسا گرنگە كە ناوی هەموارکردنی دەسـتوری توركیایە .

Back to top button