هەولێر : مەیفرۆشییەکان بە رووی کڕیاراندا کرانەوە
زیرەك بیا ئیلیا، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانیكدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای دەکات ، لە دوێنێوە حکومەت بڕیارکردنەوەی شوێنەکانی مەیفرۆشی داوەو کڕیاران و خاوەن شوێنەکان بە رەچاو کردنی رێنماییەکانی تەندروستی بۆیان هەیە بە شێوەی ڕابردوو لەو ئازادییەی هەرێمی کوردستان کەڵک وەرگرن .
ئیلیا هاوکات ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی کۆرۆنا و پلانی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا بەداخەوە داهاتی هۆتێلەکان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە ، بەڕادەیەک کە لە 100٪ نزیک بۆتەوە .
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان گوتی بەداخەوە لە ماوەی داخرانی مەیفرۆشیەکاندا ، دلیڤەریەکان نرخی هەموو جۆرە خواردەنەوە کحولیەکانیان بەرز کردبۆوە کە ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی ئێمە .
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە چێشتخانەکان زیرەك بیا ڕایگەیاند : “چێشتخانەکان بەهۆی کۆرۆناوە داخرابوون، بەڵام بەم دواییە هەندێکیان بەشێوەی دلیڤەری خواردنیان دەگەیاندە دەستی هاووڵاتیان ،بۆیە دەتوانین بڵێین کەمبوونەوەی داهاتی چێشتخانەکانیش 75% بووە و هۆکارێکی نەرێنی ئابووری دروست کردووە ، بەڵام بەوهیوایەین لەورۆ بەدواوە ، بەڕەچاوکردنی بواری تەندروستی کارێکی وا بکەن ، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داخستنیان نەداتەوە .