ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ رایگه‌یاند كه‌ ته‌نها قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان درێژ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا له‌ ژێر رۆشنایی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركردوو رایدەگەیێنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بۆیه‌ چەند بڕیارێکی نوێی راگه‌یاند

دەقی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یەکەم/ بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەک شەممە 2020.5.31 وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بەسەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی کاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ کە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.

دووەم/ سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێ بەجێ کردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەکان بە تایبەتی بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (48) کاتژمێر کەرنتین بکرێن و دوای دەرچوونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچووی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان ڵەگەڵدابێت کەپێش (24) کاتژمێر لەهاتنییان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.

چوارەم/ بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.

پێنجەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنکردنی زیاتر دایە و سەرچاوەی بەشێک لە تووشبوانی ئەم دوایەش نادیارە و بەشێکی ئەوانەشی لەم دوایەدا توشی ڤایرۆسەکە بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.5.28

Back to top button