سعودیه بڕیاریدا رەوشی مەككە ئاسایی بكاتهوه
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، بڕیاردراوە بە دوو قۆناغ رێوشوێنەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو مەككەی پیرۆز ئاسایی بكرێتەوە و تیایدا هاوڵاتیان بتوانن سەردانی مەككە بكەن.
بەگوێرەی میدیاكانی ئەو وڵاتە، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڕیاریداوە، لە قۆناغی یەكەمی ئاساییكردنەوەی دۆخەكەدا كە رۆژی یەك شەممە 31ی ئایاری 2020 دەسپێدەكات و سێ هەفتە دەخایەنێت، لە کاتژمێر 6ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆ چونە دەرەوە و هاتوچۆکردن بۆ ناو مەككە ئاسایی دەبێت و بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە تەندروستییەكان، نوێژی بە كۆمەڵ لەناو حەرەمی مەككە رێگەی پێدەدرێت.
هەر بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، قۆناغی دوەمی ئاساییكردنەوەی دۆخی مەككە لە 21ی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات، لەو قۆناغەشدا لە کاتژمێر 6ی بەیانی تا 8ی ئێوارە چونە دەرەوە و هاتوچۆکردن بۆ ناو مەككە ئاسایی دەبێت.