ئومێد خۆشناو: بە جێبەجێکردنی پرۆژه‌ یاسای چاکسازی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان له‌هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌تۆری كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بەشێك لە خاڵە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاشکرا کرد و رایده‌گه‌ێنێت، کە بە جێبەجێکردنی یاساکە، مووچەی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێتەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتى كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، نووسینێکی بە ناونیشانی کورتەیەک لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی بڵاو کردووەتەوە

ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئەم گۆڕانکارییانە ڕوودەدەن:

– ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکاری وەزارەت و خوارتر.

– رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین.

– وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیدارییەکان لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرز کراوەتەوە.

– ڕێگریکردن لە دووجار سوودمەندبوون لە مووچە.

– شەش جێگا هه‌بوو فەرمانگەی خانەنشینان بوون و ھۆکارێک بوون بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، لە یەک فەرمانگەدا کۆدەکرێنەوە.

– پاسەوانی لە کوردستاندا ببوو بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکخرایه‌وه.

– ھیچ ھێزێکی سەربازی و حزبی یەکەی ژمێریاریی خۆی نامێنێت.

– دروستکردنی سندوقی خانەنشینیی جێگیر کراوه‌.

– ڕێکخستنه‌وه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانەنشینیی پلە باڵاکان.

– ژمێرە و حیسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکەونە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی.

ئومێد خۆشناو ده‌شڵێت ، کە ئەوان پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێکی چاکسازی دەکەن و لە هەر کوێیەکیش گەندەڵی هەبوو، قسەی جددی لەسەر دەکەین.

جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێداوە، به‌شێکی که‌می پڕۆژه‌که‌ بوون و کاری گه‌وره‌تریشی به‌دواوه‌یە.

Back to top button