سهرۆكی حكومهت پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دهكات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد و نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکیی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمى كوردستان دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە 2020/5/30 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مێجەر جەنەراڵ ئیریک هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکیی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمى كوردستان دەربڕی بەتایبەتی هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و ڕفاندنیان.
مێجەر جەنەراڵ هیل ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، گوتیشی: “شەڕی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بین و زیاتر پەرەی پێ بدەین”.