له‌ سلێمانی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 37 ساڵ به‌ هۆی كۆرۆنا گیانی له‌ ده‌ستدا

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو سێ كرمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له‌ سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون، ئه‌مڕۆ یه‌كێك له‌ تووشبووه‌كان كه‌ ته‌مه‌نی 37 ساڵ بوو به‌ هۆی كۆرۆنا گیانی له‌ ده‌ستدا.

د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ ” تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە تەمەنی 37 ساڵە. ئەو کەسە ماوەیەکە تووشی کۆرۆنا بووە و رەوشی تەندروستیی جێگیر نەبووه‌و له‌ رێگای ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد هه‌ناسه‌ی وه‌ردره‌گرت.
جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی ئەو هاووڵاتییەی ئەمڕۆ لە سلێمانی بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، کارمەندی نەخۆشخانەی شۆڕش بووە، چەند رۆژێکە لەژێر چاودێریی چڕدایە و بەهۆی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، توانیویەتی هەناسە بدات.

بە گیانلەدەستدانی ئەو تووشبووەی کۆرۆنا، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە شەش کەس.

جێی باسه‌ ماوەیەکە وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپاراستن لەو پەتا جیهانییە.

Back to top button