هیچ وڵات و لایەنێكی نێوخۆی ڕازی نین بەبوونی پەكەكە لەشنگال

خواكوڕك
دوای ئەوەی جێگیر بوونی گروپێكی پارتی كرێكارانی كوردستان لەشەنگاڵ ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوەی لێكەوت لە دواهەمین كاردانەوە, وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەزاری مارك تۆنەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند:” پەكەكە لەناولیستی تیرۆری نێودەوڵەتییە‌و پێویستە شنگال چۆڵ بكات .
هەروەها پێشتریش پیتەر كوك گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندبوو كە پەكەكە لەشنگال مایەی نیگەرانییە, هاوكات لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ابراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند:” ڕازی نابین شنگال بكرێتە چیای قەندیل .
سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی حەیدەر عەبادی و پاشان سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ، دەرئەنجام ڕێكەوتنی سێ قۆڵی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق لەمەڕ پرسی پەكەكە لەشنگال ، هەرسێ لا كۆك بوون لەسەر كشانەوەی پەكەكە لەشنگال.
نوێنەری ئێزیدییەكانیش لەپەڕلەمانی كوردستان شێخ شامۆ ڕایگەیاندبوو كە كاتی ئەوە هاتووە پەكەكە شنگال چۆڵ بكات و ئەمریكاو هاوپەیمانان پرۆژەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال هەیە و پەكەكە ڕێگرەو ئاڵۆزیییەكانی شنگالە.
ئەمڕۆكەش مەحما خلیل قایمقامی قەزای شنگال ڕایگەیاند : هیچ وڵات و لایەنێك ڕازی نییە پەكەكە لەشنگال بمێنێتەوە ، نەحكومەتی عێراق و نەحكومەتی هەرێمی كوردستان و نەئەمریكاو هاوپەیمانان ، تەنانەت خەڵكی شنگال و ئیدارەی شنگالیش ڕازی نابن بەمانەوەی پەكەكە لەشنگال .
هەروەها قایمقامی شنگال ووتیشی : پەكەكە و خەڵكی شنگال پێكەوە ناگونجێن و لەیەك جیاوازن ، هەربۆیە خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆیان و چاوەڕێی ڕۆیشتنی پەكەكە دەكەن لە شنگال و پاشان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان .

Back to top button