سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور دەكات

خواكوڕك

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پیتەر ماورێر سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی ناوچەكە، ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ڕێكخراوی خاچی سوور لەو تەحەدییاتانە تێدەگات كە بەهۆی ئەو ڕەوشەوە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە و دەیانەوێ چالاكییەكانی خۆیان زیاتر بكەن بە جۆرێك كە لەگەڵ گۆڕانكارییە تازەكان بگونجێت.
سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵیشدا ژمارەیەكی زیاتری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم كردووە لە كەمپەكاندا نیشتەجێ كراون.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی خۆی و ڕێكخراوەكەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وێڕای ئەوەی ناوچەكە لە شەڕدایە و دوژمنیش پێڕەوی لە هیچ یاسا و بەهایەك ناكات، بەڵام سەرۆك بارزانی ڕێنمایی بەردەوامی داوەتە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان كە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ بن و ڕایگەیاند: ئێمە تێدەگەین كە چەندە سەختە لە شەڕێكی لەوشێوەیەدا و لەگەڵ دوژمنێك كە ڕێز لە هیچ یاسا و بەهایەك ناگرێت، كەچی ئێوە بەردەوام ئاگاداری هێزەكانتان كردۆتەوە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرن و ئەوە لای ئێمە جێگای سەرنج و ڕێز و پێزانینە و پێمان وایە هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە توانیویەتی لە ناوچەكەدا ببێتە نموونەیەكی باڵا و بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد كە لە كاتی شەڕیشدا بە ڕێنماییەكانی توانیویەتی ئەو پیگەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات.
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ ڕێكخراوەكەیان بەرز نرخاند و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەكەیان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش دەكەن و هەروەها ئاسانكاری و هاوكاریی گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند لە كاتی سەردانی نوێنەر و چاودێرەكانی ڕێكخراوەكەیان بۆ گرتووخانەكانی هەرێم و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییەی ڕێكخراوەكەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەردەوام بێت.
پیتەر ماورێر ئاماژەی بەو تەحەدیاتانەش كرد كە بەرەوڕووی ئاوارەكان بۆتەوە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان بەهۆی ئاسەواری شەڕ و داوای لە سەرۆك بارزانی كرد لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونییان بداتێ كە چۆن بتوانن هاوكار بن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەكە كرد و پێشوازی لە هەوڵ و چالاكییەكانی كرد وەك چالاكترین ڕێكخراوی بواری هاوكاریی مرۆیی و هەڵوێست و تێڕوانینی ئەوانی بەرانبەر بە كوردستان بە شایەتییەكی عادلانە و مایەی شانازی لە قەڵەم دا و جەختیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەیە گوێ لە ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی ئەو ڕێكخراوە بگرێت و هەماهەنگیی زیاتریش لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕەوشی ئاوارەكان و چۆنییەتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان ڕایگەیاند كە سەرباری ڕەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی هاوكاریی پێویست بۆ ئاوارەكان، كە بووەتە بارگرانییەكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام جێگەی شانازییە كە كوردستان بووەتە پەناگەی ئاوارە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و حكوومەتی هەرێم بەهەموو توانایەك یارمەتیی ئاوارەكان دەدات.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە ئەو ناوچانەی ئازدكراون بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو هێشتا جێگای دڵنیایی نین، هەروەها بەهۆی شەڕەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان لەو شوێنانە نەماون و بەو شێوەیەش شوێنی ژیان نین و ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە و پاك كردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانە پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەمەلایەنە هەیە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوانەی حوكمی داعشیان قبوڵ نەكرد و هانایان بۆ كوردستان هێنا، دوای نەمانی هەڕەشەی تیرۆریستان و پووچەڵكردنەوە و لابردنی تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان، دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. بەڵام لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، كەسانێك كە شانەی نووستووی داعش بوون لەو ناوچانە بوونە هاوكاری داعش و لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە دا و بەو هۆیەوە زیانی زۆرمان بەركەوت، بۆیە ئەوانە نابەخشرێن و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی داعش دەبێت.
لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕوونكردنەوەكانی و جەختیشی كردەوە كە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ ئەوەی هەوڵێكی هەمەلایەنە هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان و وەك هەنگاوێكی پێویستیش بە نیازن ناوەندێكی دروستكردنی دەست و قاچی دەستكرد دابمەزرێنن تا بتوانن لەو ڕووەوە هاوكاریی ئەو كەسانە بكەن كە بەهۆی بۆمب و تەقەمەنییەكانی تیرۆریستانەوە دەست و قاچیان لەدەست داوە.

Back to top button