لەیلا عەبدولجەبار: پێویستە کەسانێك بدرێنە دادگا کە بوونەتە هۆی سارکردنەوەی خەڵک لە خۆپارێزیی کۆرۆنا
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیێنێ، “كۆرۆنا ماددەیەكی میدیایی نیە بۆ دەنگ كۆكردنەوەو ناوبانگی، یاریکردن بەم ڤایرۆسە کوشندەیە واتا لەناوبردنی ئازیزانمان و ساردكردنەوەی خەڵكی لە خۆپارێزی و هۆشیاری لەبەرامبەر مەترسدارترین پەتا کە هەموو جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنێت”.
لەیلا عەبولجەبار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەتۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە دەڵێ، “ئێستا كاتی ئەوەیە داواكاریی گشتی و دادگاكان لەبەرامبەر هەموو ئەو لایەنە سیاسیە و ئەو کەسانە بووەستنەوە کە گومان بەرامبەر دەستكەوتەكانی حكومەت دروست دەکەن لەپاراستنی هاوڵاتیان”.
ئەو پەرلەمانتارە لەبەشێکی تری نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ڕایدەگەیێنێ، “ئەوەی جێگەی ئاماژە بێکردنە کەسانێك هەن ژەهر بەسەر کۆمەڵگادا بڵاودەكەنەوە پێویستە هەركەسێك ئازیزێكی لەدەست بدات لەدادگا رووبەرووی ئەو کەس و لایەنانە ببێتەوە كە یاریکردن بەكۆرۆنا دەکەن، من پێم سەیر نییە لەكەسانی نیو نا نەتەوەیی و قین لەدڵ بەرامبەر خەڵكی لەبەر ئەوەی بەدوای حەزو ئامانجە گڵاوەكانی ئەوان نەكەوتوون ژەهر لەناو مێشكی هاوولاتیان بڵاوبكەنەوە، بەڵام ئەوانە ئامادە نیین تەنیا یەك رۆژ بچنە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا و دەستێك بەسەری ئەو ئازیزانەدا بێنن كە لەسەر جێگای مەرگن و ئازیزانیان چاوەڕوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵەكانیان، بۆیە پێویستە داواكاریی گشتی و دادگا و لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵدا بکرێت”.