ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی جێبەجێ نابێت

سلێمان عەبدوڵا یونس

لەپرسی ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتیدا، باشترە گۆڕان بزانێت بەهەڵە کەوتووەتە شوێن خەیاڵێکی سیاسی بێ هودەوە، ئاخر ئەگەر یەکێتی نەتوانێت لەنێوان دووباڵەکەی خۆیدا، فیدراسیۆنێکی یەکگرتووی حزبی دروست بکات و باڵەکان كێشەی ڕێکەوتنیان لەگەڵ خودی خۆیان هەبێت، ئەوا لەچاوەڕوانیەکی ئاوادا گۆڕان باشترە بەر لەیەکێتی گازندە لەخۆشخەیاڵی خۆی بکات   .

گرفتی گۆڕان ئەوەیە چاوەڕوانی شتێک دەکات کەهەرگیز ڕوونادات. چونکە وەک چۆن هەریەکێک لەباڵەکان، بەجیا لەگەڵ گۆڕان ڕێکەوتنیان نەکرد، ئاوەهاش هیچ کام لەو باڵانە، تاک بەتاك خۆیان ناکەن بەسوری بەرلەشکر و لەگەڵ پارتیش ناچنە ناوڕێکەوتنێکی نوێی تاک لایەنەوە و بەرژەوەندی مۆڵی ئێستا بەقەرز ناگۆڕنەوە.

لەڕاستیدا بۆ بەشێک لەسەرکردەکانی هەردووباڵەکە، خودا دووشەشی ناردووە و حەز دەکەن هەتا قیامەت دۆخەکە ئاوا بمێنێتەوە. چونکە جۆلانێی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان لەنێوان پارتی و گۆڕاندا، بەئارەزووی خۆیان دێت و دەچێت.

ئاخر ئۆلیگارشیەکانی ناو یەکێتی کەبەتۆکمەیی لەناو هەردوو باڵەکەدا بوونیان هەیە، لەکاتێکدا بەتەنگ پێگەی یەکێتی و ناوبانگی مام جەلال و خواستی کادران و جەماوەرەکەی خۆیانەوە نەبن، بەکوێدا خەیاڵیان بۆلای ڕێکەوتن و هاوپەیمانێتیەک دەروات، کەئەوان تیایدا دەبێت لەپێناویدا، بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، بەبەرژەوەندیە گشتیەکان، بگۆڕنەوە.

Back to top button