تێچووی بەخاکسپاردنی هەر مردوویەکی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 300 دۆلاری تێده‌چێت

وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بەخاکسپاردنی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن،لە هەر پارێزگایەكی هه‌رێم تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە، تێچووی بەخاکسپاردنی هەر مردوویەکیش بە کۆرۆنا نزیکەی 300 دۆلارە.

د. چەتۆ حەمەدەمین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر له‌چاوپێكه‌وتنێكدا به‌ ده‌زگا میدیاییه‌كانی راگه‌یاند، لەدوای گیانلەدەستدانی تووشبووی کۆرۆنا، دەبێت تیمی شارەزای تەندروستی مامەڵە لەگەڵ تەرمەکەی بکەن، کەسوکاری مردووەکەش دەتوانن سەردانی تەرمەکە بکەن بەمەرجێک رێکارەکانی تەندروستی پەیڕەو بکەن.

تیمە تەندروستییەکان بە جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلی تایبەت و رێکارەکانی تایبەت بە بەخاکسپاردنی مردووان بە کۆرۆنا، مردووەکان بەخاکدەسپێرن، قوڵایی گۆڕەکانیان نابێت لە دوو مەتر کەمتربێت، بۆ نوێژی مردووش نابێت هیچ جۆرە قەرەباڵخییەک دروستبێت.

به‌ گوێره‌ی بەدواداچوونێکی ده‌زگایی میدیایی (خواكوڕك)، هەر پزیشکيك، کارمەند یان پەرستارێك دەچێتە لای تووشبوان دەبێت دوو جلوبەرگی تایبەتی پزیشکی و دوو ماسك کە یەکیان پێشکەوتووە و دوو دەستکێشتی تایبەت و عەینەکی تایبەت و چەند ماددەیەکی دژە ڤایرۆسی پێشکەوتوو بەکار بهێنێت.

رۆژانە نەخۆش پێوستی بە (3) ژەم خواردن هەیە خواردنەکانیشیان لە جۆری باشن، جگە لە خواردن بەشێکیان پێوستیان بە دەرمان و چارەسەری پزیشکی هەیە بە تایبەت ئەوانەی دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

هەر تووشبویەکیش دێتە نەخۆشخانە جلوبەرگ و بەتانی و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ دابین دەکرێت دوای چاکبوونەوەشی پێداوستییەکان فڕێ دەدرێن.

Back to top button