سێ ساڵ بەسەر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تێپه‌ڕی

سێ ساڵ بەسەر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت، كە هه‌نگاوێكی گرنگ و‌ ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی بوو بۆ گه‌لی كوردستان.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ و لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، ئەو بڕیارە مێژووییە درا.

لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆژی 25ى ئەیلوولی 2017، وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربڕی.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناخێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ.

هەرچەندە ئەو حزبانەی بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی 7ـی حوزەیرانیان کرد، بەڵێنی پاڵپشتیی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان دا، بەڵام دوای 21 رۆژ لە ریفراندۆمەکە، گرووپێکی نێو یەکێتی کە هەرچەندە پۆستی باڵاشیان لە سەرکردایەتیی حزبەکە نەبوو، لە رۆژی 16-10-2017، فەرمانیان بە هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە حزبەکەیان کرد، لە کەرکووک بەرەو سلێمانی بکشێتەوە و رێگا بۆ داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە لەلایەن میلیشیای حەشدی شەعبی، بکاتەوە.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، کە ئەوکات ئەرکی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی لە ئەستۆ بوو، لەگەڵ مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و دەیان سەرکردەی دیکەی سەربەخۆخوازی حزبەکە، رەخنەیان لەو کارەی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر گرت و بە “کاڵفام و هەرزەی سیاسی” وەسفیان کردن کە بوونەتە هۆکاری لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان.

Back to top button