ئایا یەکێتی سزای لاهور دەدات؟
لە هەڵمەتێکدا، لەسەر بنەمای تۆمەتباركردنیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و درۆ و سووکایەتی کردن بە نەیارانیان، کۆمپانیای فەیسبووک بە فەرمی ٢٣٤ پەیج، ٧١ ئەکاونت، پێنج گرووپ و ٣١ ئەکاونتی ئینستاگرامی سەر بە دەزگای زانیاریی یەکێتی داخست، کە لەلایەن لاهور جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرپەرشتی دەکران و بڕی ٢٧٠ هەزار دۆلاری بۆ خەرج کردووە.
لەقسەی ماڵپەڕێکی شێوەئاسای ئەو پێیج و ئەکاونت و گرووپانە، “ئەم بڕیارەی کۆمپانیای فەیسبووک هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی توڕە كردووە، دەیانەوێت بەشێوەیەكی فەرمی سكاڵایەك لەسەر فەیسبووك تۆماربكەنو داوای بەڵگەی سەلمێنەر بكەن لەو تۆمەتباركردنەدا. سەرباری ئەمە یەكێتی لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە دەیەوێت ناڕەزایەتی خۆی نیشان بدات لەبارەی بەكارهێنانی سایبری ئەمنی نیشتمانی عێراق لەلایەن پارتییەوە بۆ لێدان لە ناوبانگی یەكێتی.”
لەبارەی (لێدان لە ناوبانگی یەکێتی) قسە زۆرە بکرێ، بەڵام ناچمە ناو ئەو بابەتەوە، تەنها ئەوە بە بیر دەهێنمەوە، بەرلەوەی (هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی) پەنجەی تۆمەت بۆ پارتێکی جوامێر و بە مۆراڵی نیشتمانپەروەری وەک پارتی دیموکراتی کوردستان راکێشن، ئەگەر فیعلەن ( ئەو هەندێکە یا هەندێکی دی لەناو یەکێتی) لە خەمی (لەکەدار کردنی ناوبانگی) یەکێتی دان، پێویستە ئەو حزبە دەستبەجێ لەپێناو (نوێبوونەوەی راستەقینەی یەکێتی) لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی خاوەن بڕیار لەسەر ئەو بڕیارەی کۆمپانیای فەیسبووک دروست بکات.
بۆ ئەم لیژنەیە پێویستە؟
یەکەم: بۆ ریسواکردن و سزادانی ئەو کەسەی سەرپەرشتی نەهج و تەمویلی دارایی ئەو پێیج و ئەکاونت و گرووپانەی کردووە، کە بووەتە هۆی لەکەدارکردنی (ناوبانگی یەکێتی) و بەهەداردانی سامانی گشتی، نەخاسمە لە حزبایەتیدا سزادان میکانیزمێکی گرینگی پاراستن و راستەڕێ کردنی ئەدای سەرکردە و ئەندامانی حزبە.
دووەم: مافی هەموو لایەنگر و هەوادارنی یەکێتییە هاوسەرۆکی خۆیان بناسن، کە چۆن بە رەفتار و کارەکانی لە (ناوبانگی یەکێتی) دەدات.