هێمن هەورامی: کاری لە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی دەبێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لە پێشینەیان بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی و چڕکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا دەبێت.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە ئیفسیمیۆس كۆستۆپولۆس، كونسوڵی گشتی یۆنان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاری لە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی دەبێت.
هێمن هەورامی لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵە خۆپارێزییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی، یەکێکی دیکە دەبێت لە هەنگاوە لە پێشینەکانی پەرلەمان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی توشبوان کۆرۆنا لە ههرێمی كوردستان 1324 توشبوو ، 458 توشبویان چاکبونەتەوە و 26 توشبوش گیانیان لەدەستداوە.