وەزیری دەرەوەی عێراق: ئامادەکارییەکانمان بۆ گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکردووە

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند ئامادەسازییەکانیان بۆ گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکردووە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچن.

ئەمڕۆ دووشەممە 8-6-2020 پێگەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌. ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەتەوە. باڵیۆزی ئەمریکا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فوئاد حوسێن، وەك وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: فوئاد حوسێن و ماتیۆ تولەر جەختیان لە هاوئاهەنگی و بەهێزی پەیوەندی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا کردەوە و چۆنیەتی پەرەپێدانی زیاتر بەو پەیوەندییانە.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە فوئاد حوسێن بە باڵیۆزی ئەمریکای راگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوە ئامادەسازی بۆ گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکردووە.

Back to top button