ئایا گێزەر، توانای بینین بەهێز دەكات؟
لەناو كوردا خواردنی گێزەر بەوە بەناوە، كە توانای بینین بەهێز دەكات، هەر بۆیە زۆرجار لە لایەن دایكان و باوكانەوە، ئەوەمان بە گوێدا دراوە، كە گێزەر بخۆین، چونكە گێزەر بۆ چاومان سوودی هەیە و توانای بینین زیاد دەكات، لە ئێستاشدا نوێترین توێژینەوە پزیشكیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، “بەڵیِ گێزەر توانای بینین بەهێز دەكات”.
پێگەی (daily medical info)، بڵاویكردۆتەوە، گێزەر بە گشتی سودی تەندروستی زۆری بۆ جەستە هەیە و لە نێویشیاندا بۆ تەندروستی چاوەكان زۆر بەسوودە، چونكە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و مادەیی ڕیشاڵی و خۆراكی گرنگ.
بە پێی ئەو توێژینەوەیەی كە لە سەر پێگەی (daily medical info)، بڵاو بۆتەوە، بیتاكارۆتین و ریشاڵ لە پێكهاتەی گێزەردا ڕۆڵی گرنگ دەبینن و هەروەها سەرچاوەیەكیشە بۆ بوونی ڤیتامینەكانی (k-c-b6) و لەگەڵ مادە گرنگەكانی وەك پۆتاسیۆم، سۆدیۆم وفۆسفۆر و كالیسیۆم.
هاوكات ئاماژە بەوەش دراوە، لە گێزەردا ڤیتامین a، شان بەشانی ترشی فۆلیك و زینك و ئاسن ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە توانادان بە بینینێكی ڕوون و بەهێز بۆ چاوەكان.
توێژینەوەكە، ئەوەشی خستۆتە ڕوو، هەموو ئەو پێكهاتە گرنگانەی ناو گێزەر، ڕۆڵ دەبینن لە پاراستن و بەهێزكردنی بەشی دەروەی گلێنە و ڕووكارێكی ڕوون و تەندروست بە چاو دەدەن.