پارێزگاری هەولێر: ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبین دۆخەکە زۆر لەوە خراپتردەبێت
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، دۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات و ئەگەر هاونیشتمانیان هاوکارمان نەبن و پابەندی رێنماییەکان نەبن دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە.
فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەولەکانیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، چونکە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، هەرکەسێک و شوێنێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت رێککاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە بەردەوامی رێککارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان،(700) شوێن رێککاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر هاونیشتمانییان بیانەوێت لە کار و کاسبی خۆیان بەردەوام بن، دەبێت بە جیدی پابەندی رێنماییەکان بکەن و ئەگەر بێت و پابەندنەبن شوێنەکان دادەخەین.