چەند فەرمانبەرو پەرلەمانتاری کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بە تووشبوونی  چەند فەرمانبەر و پەرلەمانتاری کوردستان دەکات  بە  ڤایرۆسی کۆرۆنا  .

 

لە راگەیاندراوەکەد هاتووە لە دوای ئەوەی پشکنین بۆ ١٩٧ پەرلەمانتار و فەرمانبەری پەرلەمانی کوردستان کراوە ، روون بۆتەوە چوار کەس کە  پێک دێن لە ٣ فەرمانبەر و پەرلەمانتارێک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان .

 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناوەکانی ئاشکرا نەکردوون ، بەڵام دواتر وردەکاریەکانی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی بلاو دەکرێتەوە .

 

ده‌قی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:

 

“دوای ئەوەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا ، حالەتیکی پۆزەتیڤی کۆرۆنا لە ناو فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، وەک پابەند بوونیکی تەواو بە رینماییە تەندروستییەکان ، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بریاریدا کەپشکنینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانبەرانی پەرلەمان بکریت. رۆژی ٩ ی ٦ ی ٢٠٢٠ ، بە سوپاسەوە ، چەند تیمیکی پشکنینی تاقیگەی ناوەندی ،  لەسەر رینمایی وەزارەتی تەندروستی هاتنە پەرلەمانی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و  ١٩٧ ئەندامی پەرلەمان و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجامدا. دیارە بە داخەوە ، چەند حالەتێکی پۆزەتیڤ لەم پشکنینانەدا هەن و دواتر لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە وردەکارییەکان رادەگەیەنریت. وەک پابەند بوون بە رینماییە تەندروستیەکان کە دەبیت سەرجەم بەرکەوتووەکان خۆ پاریزی بکەن و کەرەنتین بکرین ، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بریاریدا، سەرجەم کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگریت. ئاگاداری تەواوی ئەو ئەندامە بەریزانەی پەرلەمان دەکەین کە تا ئیستا پشکنینی کۆرۆنایان نەکردوە لە زووترین کات پشکنینەکە ئەنجام بدەن و ئەنجامەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بنیرنەوە. بە هەمان شیوە دیوانی پەرلەمانی کوردستان راسپیردراون ، بە هەماهەنگی لەگەل تیمە پزیشکییەکان پشکنین بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی دیکەش بکرین کە تا ئیستا پشکنینیان بۆ نەکراوە.

 

لیرەوە ، جاریکی دیکە داوا لە هەموو لایەک دەکەین ،  پابەندی تەواوی رینماییە تەندروستییەکان بن و خوای گەورە هەموو هاولاتیانی کوردستان و ولاتەکەمان پاریزراو بکات.”

Back to top button