سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات.
لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفراسێکەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان .
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەرێوە چوو ، تەوەری کۆبوونەوەکە بۆ چۆنیەتی برەو دان بە کەرتی کشتوکاڵ و پلان و پڕۆژەکانی حکومەت .
لە سەرەتادا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راپۆرتێکی لە بارەی پلانەکان و ستراتیژی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ هێنایە بەر باس ، بە تایبەتی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زیدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی حکومەت بە ئاماژەدان بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان گوتی ، دەکرێ ببێتە کەرتێکی جێگرەوە و بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لە ڕێگەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆ بەرهەمەکانیان.
بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە 2020/5/19 دامەزراوە و سەرۆکی حکومەت سەرۆکی بۆردەکەیه و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەندامی بۆردەکەن.