وەزیری ناوخۆ : ئەوانەی بانگەشەی نەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنایان دەکرد ، ئیستا تاچەندە پەشیمانن

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگری کردن لە تەشەنە کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت هاووڵاتیانی خۆی بپاریزێت .
هەرلەمبارەوە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکدا بۆ ڕاگەیاندەکان باس لە کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممە دەکات لە گەڵ لیژنەیەکی باڵای وەزارەت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیار دراوە رێکارەکانی خۆپارێزی جڕتر بکرێتەوە و ھاتوچۆی نێوان شار و شارۆچکەکان و خاڵە سنوورییەكانش زیاتر چاودێری بکرێن ، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەشدا ، ڕاوێژ کراوە لەسەر چۆنیەتی پلانێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و ھەموو ئەو ھێزانەی دیکەیش کە لە ئەرکدان، تا کۆتایی نەهامەتییەکانی کۆرۆنا .
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕێبەر ئەحمەد جەخت لەوە دەکاتەوە ، هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەرجی سەرەکی سەرکەوتنە بە سەر ئەم دۆخەدا و دەبێت لە رێگای بەرنامەی جۆراوجۆرەوە خەڵک بە رێنماییەکان وشیار بکرێنەوە .
لە کۆتاییدا رووی قسەکانی دەکاتە ئەو کەس و لایەنانەی دەیانەویست مەترسی کۆرۆنا بە سیاسی بکەن و دەیانگوت کۆرۆنا بوونی نییە ، ئەی کە ئیستا ٣٠ هاووڵاتی بوونە قوربانی ئەو ڤایرۆسە ، چەندە پەشیمانن و چۆن وڵامی ئەوانە دەدەنەوە بە هۆی چەوشەکارییەکانی ئەوان تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون .