وەزارەتی پێشمەرگە داوایەکی بە پەلە ئاراستەی فەرماندەیی باڵای هێزەعێراقییەکان دەکات

 

لە دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە سنووری خانەقین هێزەکانی تیرۆریستی داعش هێرشیان کرد و چەندین هاووڵاتی ئەو سنوورە شەهید کران ، ەوزارەتی پێشمەرگە داوایەک ئاراستەی هێزەکانی عێراقی دەکات .

 

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە: .

 

شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی2020  گرووپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی داعش هەڵدەکوتنە سەر  گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین و بەداخەوە، حەوت کەس لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهیدەکەن و پێنجی دیکەش برینداردەکەن.

 

ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان.

 

لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو.

 

بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە،  بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی)  کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت.

 

بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و  بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە.

 

بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.

 

هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button