مستەفا کازمی بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەربڕینی بۆچونی سیاسی لە هێزە چەکدارەکانی عێراق قەدەغەکرد

سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مستەفا کازمی و بە گوێرەی مادەی 9ی دەستور، ئەندامانی کەرتی سەربازی و ئەمنی و فەرماندە ئەمنییەکان نابێت بۆچونی سیاسییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە.

محەمەد حەکیم کازم، سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بڕیارێکدا کە دوێنێ یەکشەممە دەرچووە ئاماژەی بەوەکردوە، بە گوێرەی مادەی 9ی دەستور و مادەی 19 و 29 لە یاسای سزادانی سەربازی هەروەها لەسەر بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، نابێت ئەندامانی کەرتی سەربازی و فەرماندە ئەمنییەکان بیرو باوەڕی سیاسییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە.

بڕیارەکە ئاڕاستەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناخۆ، دەزگای دژەتیرۆر، دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و حەشدی شەعبی کراوە بۆ جێبەجێکردنی.

Back to top button