بڕیارەکانی راکان جبوری لە کەرکوک جێبەجێ ناکرێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوو پەرلەمانتاری یەکێتی وەک شاندێ لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێی فەرمانەکانی ڕاکان جبوری سەردانی کەرکوکیان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی فەمانە نایاساییەکانی کرد ، سوپاسی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو پارێزگایەیان کرد چونکە بڕیارێکی راکان جبوورییان بۆ وەدەر نانی کوردەکان و جێگیرکردنی عەرەبەکان جێبەجێ نەکردووە..
هەرلەمبارەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری کورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە دوای ئەوەی ئامانجی سەردانەکەیانی بۆ کەرکووک ئاشکرا کرد گوتی ، هاتنمان بۆ گەیاندنی پەیامی سوپاسگوزارییە بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە بەرامبەر کارپێنەکردنی ئەو نووسراوەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک ئاراستەی ئەوانی کردبوو بۆ “هێنانی چەند ماڵێکی عەرەب بۆ شوێنی کوردی رەسەنی ئەوشارە.
ناسر هەرکی لە درێژەدا دەڵێت ، کاتێک لە ناوەڕۆکی نووسراوەی نایاسایی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک ئاگادار کراین ، پەیوەندیمان بە فەریق روکن سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کردووە و بەڵێنیداوە ئەو نووسراوە رابگرێت و کاری پێنەکات. بەڕێزیشیان لەگەڵ ئەوەدان هەموو کێشەکان پێویستە لە رێگای یاساوە چارەسەر بکرێت بۆیە هەڵنەستاوە بە جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانەوە “.