خوێن له‌ خه‌ودا به‌تاڵه‌

زەردەشت ئەحمەد
 
گیانى به‌رهه‌ڵستكارانه‌ى هه‌ندێك له‌ تازه‌ پێگه‌یشتوان ئه‌وه‌نده‌ى لاسایى و چاولێكه‌رییه‌ ئه‌وه‌نده‌ عه‌قلانى نیه‌, بینا كردن و هه‌ڵچنینيان بۆ خودى خۆشیان دڵ خۆشكه‌ر نیه‌, ئه‌وان به‌ هیچ بارێك له‌نگه‌ر ناگرن ,هه‌میشه‌ لینگه‌ فرتێى فه‌رته‌نه‌یه‌ك له‌دڵ و ده‌رونیان ته‌كان ده‌خوات ,ئومێدى چه‌كه‌ره‌ى هیچ ئاسووده‌ییه‌ك له‌ ڕه‌نگو ڕوو زمانیان به‌دى ناكرێت , نه‌ریتخوازانه‌ هه‌ڵوه‌داى فڕینن,جوتێك باڵی بێ په‌ڕیان خستونه‌ سه‌رشان پێیان ده‌لێن له‌و به‌رزاییه‌ ڕا هه‌ڵفڕن تا ئاسووده‌یى به‌ده‌ست بێنن .
 
ئه‌وانه‌ى ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن خاوه‌نى هیچ مه‌دره‌سه‌یه‌ك,رێبازێكى فكرى و فه‌لسه‌فى نین , جگه‌ له‌ به‌ خشینه‌وه‌ى دروشم و دروشمبازى! له‌ ئارامى و ئاسووده‌یى كۆمه‌ڵگا ڕوو گرژو مۆنن, هه‌میشه‌ هاوه‌ڵى ڕه‌شبینین بۆیه‌ هیچ به‌ر پرسیاریه‌تیه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى, سیاسى, ئابورى و مێژوویان ناخرێته‌ سه‌ر حیساب , ئه‌و لێڵیه‌ى له‌و ته‌جه‌موعه‌ نا ئه‌خلاقیه‌ى به‌دى ده‌كرێت ته‌نیا هه‌ڵگرى رق و قینى شكستى مه‌عنه‌وى كه‌سه‌ ناكامه‌كانه‌, له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ناتواندرێت خوێندنه‌وه‌یه‌كى دروست و ڕوون بۆ ئه‌وان بكرێت ,وه‌ك سه‌راب بێ حه‌قیقه‌تن, ته‌نیا له‌دووره‌وه‌ هه‌ستیان پێ ده‌كرێت , بڕى تێنوێتى كه‌سیشیان پێ ناشكێت , وه‌ك بینینى خوێن له‌ خه‌ودا به‌تاڵن! له‌ هه‌مووشتێك شه‌رمیان شكاوه‌ هه‌ربۆیه‌ زوو ڕام ده‌كرێن له‌ شه‌و رۆژێكدا ده‌وكه‌ونه‌ ده‌ستى چه‌ندین ده‌ڵاڵى بێ ویژدان, ئه‌وان خاوه‌نى پۆستن به‌ڵام .پێگه‌یان نیه‌ ,ئه‌وان ناویان هەیە به‌لام ناوكیان نیه‌ هه‌ربۆیه‌ یه‌كجار ده‌ڕوێن.
Back to top button