حەزی تەسلیمبوون
ماوەی چەند ڕۆژێكە میدیاكان باسی هەوڵی هەندێ بەناو پارلەمانتاری كورد دەكەن كە پڕۆژەیان هەیە بۆ بەستنەوەی مووچەی هەرێم بە بەغدا. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە تێڕوانینە ئاماژەی نەزانی و دەبەنگیی ئەو كەسانەیە كە زاتی ئەوە دەكەن بیرۆكەی وایان هەبێ.
خۆ بە هەڵەپاچی و گەمژەیی ئەم شەخسانە نییە بتوانن دۆزێكی سەدساڵەی میللەتێك لە مووچەدا كورت بكەنەوە. هەموومان بیرمان دێت هەتا ڕاپەڕین مووچەی كارمەندانی كوردستان لە بەغدا دەهات. نزیكەی چوارسەد هەزار چەكداری كوردی سەر بە بەغدایش هەبوون. سەموونی گەرم دەهاتە بەر دەرگەی خەڵك لە كۆمەڵگە زۆرەملێكان و كێشەی نان و مووچە نەبوو. بەڵام هەر لە هەمانكاتیشدا گەلی كورد بە بەر چاوی هەموان جینۆساید دەكرا. ئینسانی كورد ئەنفال و كیمیاباران كرا. زەویی كورد داگیر و تەعریب دەكرا. مووچە لە بەغدا بوو بەڵام هەزاران ئازادیخوازی كورد لە بەندیخانەكانی بەغدا بوون. مووچە لە بەغدا دەهات بەڵام هەزاران گوندی كوردستان وێران كران و ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵی كوردستان لێكهەڵوەشێنرا. ئایا لە خۆیان ناپرسن ئەو كات مووچە هەبوو بەڵام بۆ گەلی كورد قڕ دەكرا؟
كارەساتە ڕێگە بە خەڵكی وا سەتحی دەدرێت پلانی ئەوەیان هەبێت كیانی هەرێمی كوردستان پەڕوباڵ بكەن و سەروەرییەكەی بكەنە ئامانج. كەسێك نییە بەمانە بڵێت كێشەی گەلی كورد دۆزێكی سەد ساڵەی سیاسی و مێژوویی و جیۆگرافی و دەستووری و ئینسانی و وجوودییە. لەناخی مرۆڤی كورددا خۆبەدەستەوەدان بوونی نییە. كە ئێستا گرفتی مووچە بەرۆكی ئێمەی گرتووە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خاوەن سەروەریی تەواو نین. چۆن دەكرێ قووتی میللەتێك بە نووكە ئیمزای ناكوردی شۆڤینی و داخلەدڵ بەند بكرێت؟
ئەم هەوڵانە مەترسیدارن و دەبێ لایەنە سیاسییەكان كە ڕیشەیان لەناو مێژووی ئازارەكانی گەلی كورددا هەیە و بڕوایان بە كیانی هەرێمی كوردستان هەیە دەستبەجێ ڕێگری بكەن لە خۆگیڤكردنەوە و جەهلی ئەم تەرزە شەخسانە. نابێ بە بیانووی بوونی ناكۆكیی سیاسیی یان كۆنەقین و بەدحاڵیبوونەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان ڕێگە بدرێت ئەم هەڵەپاچانە یاری بە چەمكە جەوهەرییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. ناكۆكیی سیاسیی نێو لایەنەكان با هەبن و بابەتێكی سرووشتییە، ئەسڵەن بوونی ناكۆكی دەكرێ ڕێگە بێت بۆ پڕۆسەی گەشەسەندنی سیاسی و بەرزبوونەوەی هۆشیاریی كۆمەڵگە. بەڵام كەس مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ڕق لە پارتی یان حكوومەتی هەرێم شەرەف و سەروەریی كورد ڕادەستی غەیری كورد بكات.