بزانە لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی بارزانی و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لەهەولێر چی باس كراوە

خواكوڕك

ئەمرۆ پێنجشەممە 12ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك نەریتێكی ساڵانە، بە مەبەستی گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم بە نوێنەری وڵاتان و گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم و شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکان و پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، لەگەڵ سەرجەم كونسوڵ و سەرۆكی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە.

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لەسەرەتای كۆبوونەوەکەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانیان پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینی لە نوێنەری وڵاتان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

وەك لەهەواڵەكەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی باسی سەرەتای سەرهەڵدانی داعش و هۆکارەکانی بەهێزبوونیان و پەلاماردانی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی كرد و مەترسییەكانی تیرۆریستانی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و كۆی مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و باسی لە قۆناغەكانی شەڕی پێشمەرگە و داعشی كرد كە تێیدا پێشمەرگە بە ئیمکانییەتێکی کەم و قوربانیدانێكی زۆر سەرەتا هەوڵی دا خەڵك و پێكهاتەكان ڕزگار بكات و بیانپارێزێت و دواتر ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و دواجاریش بكەوێتە قۆناغی هێرشبردن و تێکشکاندنی تیرۆریستان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە بە گیانفیدایی ڕۆڵەکانمان و خۆڕاگریی پێشمەرگە، ئەو تیرۆریستانەی ببوونە هەڕەشە لەسەر گەلەکەمان، ئێستا شەڕەکە چووەتە ناو جەرگەی موسڵ کە تیرۆریستان کردبوویانە پایتەختی خیلافەتەکەیان.

سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیشی كرد كە بوونە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە خێراتر ببن و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە زۆر سەركەوتوو لەقەڵەم دا.

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆک بارزانی بە وردی باسی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵی کرد و ڕایگەیاند ئەوانەی موسڵیان ڕادەستی داعش کرد حەزیان نەدەکرد ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێ بکات و سەربگرێت، چونکە خۆیان شکابوون و نەیاندەویست سەرکەوتنی خەڵکی دی ببینن، بۆیە لە ٢٩ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەردانی بەغدام کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان بناغەی ئەو هاوکارییەمان دانا کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هاتە ئارا و ڕۆڵێ هەرلایەک دەستنیشان کرا و لەگەڵ دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیش پێشمەرگە توانی لەماوەیەکی کەمدا هێڵەکانی بەرگریی داعش تێکبشکێنێت و ڕێگە بۆ هێزە عێراقییەکان خۆش بوو کە بتوانن بەرەو ناو موسڵ پێشڕەوی بکەن. ڕوونیشی کردەوە کە بەبێ هاوکاریی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە سەری نەدەگرت.

هەروەها بارزانی ئاماژەی بەوەیش کرد کە ڕاستە ئێستا داعش تووشی شکستی زۆر بووە و بەرەو داڕووخان دەچن، بەڵام نەمانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە موسڵ و شکستی سەربازیی تیرۆریستان، بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نایەت و ڕەنگە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەجیاتی شەڕی بەرەیی، بەناوی جیا یان شێوازی دیکە ببێتەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهان و مرۆڤایەتی و دوور نییە دیاردەی مەترسیدارتر لە داعش سەر هەڵبدات، بۆیە دەبێ جگە لە شەڕی مەیدانی لەگەڵ داعش، ڕەگی توندوتیژی و تیرۆر لەڕووی فکری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وشک بکرێن و ئەوەیش پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی هەمەلایەنە هەیە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕەوشی ئابووریی هەرێم کرد کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستان و هاتنی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە بارگرانییەکی زۆر کەوتە سەرشانی هەرێم و لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیشەوە نزیکەی سەدهەزار کەسی تر لەو ناوچانەوە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئومێدمان وایە ئەمساڵ دوای تێکشکاندنی تیرۆرستان و فەراهەمبوونی کەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوشان لەگەڵ پڕۆسەی چاکسازی، ڕەوشی دارایی هەرێم باشتر بێت، هەوەرها لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و ئومێد هەیە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام.

باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری قسەكانی سەرۆك بارزانی بوو و تێیدا ئەوەی خستەڕوو کەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەکپارچەیی عێراق گلەیی لە ئێمە بکات، چونکە هەم لەپێش ٢٠٠٣ و لە دوای ئەوەیش، هەموو شتێکمان کرد بۆ چەسپاندنی شەراکەتی ڕاستەقینە و فرەیی و دیموکراسی و فیدڕاڵی. ڕوونیشی کردەوە کە لە ٢٩ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو کاتێک سەردانی بەغدای کردووە بەوردی و ڕاشکاویی تەواو لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە و بەخۆشحاڵییەوە ئەوانیش گوێیان لە سەرنجەکان گرت و لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە بکەوینە گفتوگۆ تا بگەینە چارەسەرێک کە کۆتایی بە تراژیدیا و کێشەکانی ڕابردوو بێت و دووبارە نەبنەوە. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێستا هەرێمی كوردستان لەبواری سەربازییدا هەماهەنگییەکی زۆر باشی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی هەیە، بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست و ستاییشی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها پێزانینیان هەبوو بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەی گەلی كوردستان. هەروەها لەبارەی شەڕی تیرۆر و بارودۆخی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی كۆبوونەوەی دایەوە.

Back to top button