ئای لە کاک حەمە سۆرانی خەمی دەخوات بۆ سلێمانی

جارێ پێش هەمو شتێک ئەگەر خوانەخواستە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوە زیاتر تەشەنە بکات و گیانی ئازیزانمان راپیچی مەرگ بکات ئەبێت تۆ و شاسوارو هەمو ئەوانەش دادگایی بکرێن کە بەدەنگی بەرز و بەئاشکرا بە خەلکتان وت ئەو ڤایرۆسە بونی نیەو درۆیە و حکومەت بۆ خەڵەتاندنی خەلک دروستی کردوە ، ئەگەر هیچ دەسەڵات و دادگایەک نەبو لەسەر ئەو کارەتان دادگاییتان بکات دەبێت خەڵک ( هەرکەس توشی ڤایرۆسەکە بو ، هەرکەس ئازیزێکی لەدەست دا بەو ڤایرۆسە ) سکاڵاتان لەسەر تۆمار بکات ، یان لەهەر شوێنێک ئێوەی بینی رەجمتان بکات چونکە ئێوە بۆ مەرامی خۆتان سڵتان لەوە نەکردەوە یاریتان بە ژیان و تەندروستی خەڵک کرد ..
هەرکەس توشی ئەو ڤایرۆسە بوە و دەبێت ، هەرکەس بەو ڤایرۆسە گیانی لەدەست داوە و دەیدات بەشێکی زۆری خەتاکەی لە ئەستۆی ئێوەدایە ، بۆیە دەبێت لانیکەم دادگایی ئەخلاقی و ویژدانی بکرێن لەسەر ئەوەی کردتان ، خەلکتان فریودا ، خەڵکتان سارد کردەوە لە خۆپاریزی کردن لە و ڤایرۆسە ، خەڵکتان والێ کرد ئەوەندە بێ ئەدەب و بێ شعور بێت تەنانەت بۆ مردوەکانی دەستی ئەو ڤایرۆسەش بنوسن درۆیە و هەزار سوکایەتی و جنێوی بۆ بنوسن ، ئەوانەی دەڵێن توشی ڤایرۆسە کە بوین سەدان کەس کە ئەخلاقیان لە ئەخلاقی ئێوەوە سەرچاوەی گرتوە لەجیاتی دڵدانەوە و هاوخەمی دەربرین جنێویان پێ دەدەن و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن ..
ئەوە ئەو ئاوە پیسەیە کە ئیوە ڕشتوتانە ، ئەو بێ متمانەییە یە کە ئێوە دروستتان کردوە و ئەوەش ئەنجامەکەیەتی کە رۆژانە لە رێ ی راگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە دەیبینین ، ئێستاش بێ شەرمانە هاتویت وا خۆت پیشان دەدەیت خەمی سلێمانیتە ، خەمی توش بونی خەڵک و مردنی خەڵکتە بەو ڤایرۆسە ، ئێوە ئەگەر یەک زەڕڕە حەیاتان هەبوایە بە چاوی پڕ فرمێسک و گەروی پڕ گریان و روی رەش داگیرساو و شەرمەزاریەوە دەهاتنە سەر شاشەی تیڤیەکان وبە خەڵکتان دەگوت (هاوڵاتیانی کوردستان داوای لێبوردنتان لێ دەکەین ، ئێمە کارێکی خراپمان کرد ، هەڵەمان کرد ، سەرمان دای لەبەرد ، پەشیمانین . تکایە بونی ڤایرۆسەکە بە جدی وەر بگرن ، مەترسی ڤایرۆسەکە بە جدی وەر بگرن ، تکایە خۆتان بپارێزن ، تکایە پابەند بن بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە ، ئێوە پابەند بن و ئێمەش جارێکی تر شەکری واناشکێنین بڵێین ڤایرۆسەکە درۆیە و بونی نیە ) ..
ئەگەر یەک زەڕرە ئیلتیزامی ئەخلاقیتان هەبێت بەرانبەر بەخەڵک تەنهاو تەنها ئەوەیە بە ئاشکرا داوای لێبوردن لەو خەڵکە بکەن کە ژیان و تەندروستیانتان خستە بەر رەحمەتی مەرگ بە دەستی ڤایرۆسی کۆرۆنا .

Back to top button