حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یانراوێكی سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆ بڵاوكرده‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 12/1/2017 له‌ بینای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان له‌ساڵی نوێ ئه‌نجامدا، و دواتر له‌راگه‌یانروێكدا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت پوخته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئاشكرا كرد.

له‌راگه‌یانراوه‌كه‌دا هاتووه‌، وێڕاى ئه‌وه‌ى ساڵى 2016 ساڵێكى زۆر سه‌خت بوو، ‌به‌ڵام به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تى هه‌مووان و پشوودرێژیى كوردستانییان ئیداره‌ى دۆخه‌كه‌ كرا. دووپاتى سوپاس و پێزانینى خۆى و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و مووچه‌خۆران و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رگه‌ى سه‌ختییه‌كانیان گرتووه‌ و ده‌گرن و له‌ دۆخى سه‌ختى هه‌رێمى كوردستان تێده‌گه‌ن.

 

دەقی راگەیێندراوەکە

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى ساڵى تازه‌ى ساز كرد

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12/1/2017، یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ساڵى تازه‌دا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ناوى خۆى و به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌، پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێزان وه‌زیران و خانه‌واده‌كانیان كرد و هیواى ساڵێكى خۆش و سه‌ركه‌وتووى بۆ خواستن. هه‌روه‌ها به‌ ناوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كۆمارى ئیسلامى و سه‌ركردایه‌تیى ئێران و خانه‌واده‌ى به‌ڕێز ئایه‌توڵلا هاشمى ڕه‌فسه‌نجانى، به‌بۆنه‌ى كۆچى دواییى خۆالێخۆشبووه‌وه‌ كرد.

ئاماژه‌‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى ساڵى 2016 ساڵێكى زۆر سه‌خت بوو، ‌به‌ڵام به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تى هه‌مووان و پشوودرێژیى كوردستانییان ئیداره‌ى دۆخه‌كه‌ كرا. دووپاتى سوپاس و پێزانینى خۆى و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و مووچه‌خۆران و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رگه‌ى سه‌ختییه‌كانیان گرتووه‌ و ده‌گرن و له‌ دۆخى سه‌ختى هه‌رێمى كوردستان تێده‌گه‌ن.

هه‌روه‌ها هیواى خواست ساڵى 2017 ساڵى ڕێكخستنه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بێت و به‌ كرده‌ییش ده‌ره‌نجامى ئه‌و پڕۆژه‌ چاكسازییه‌ ده‌ركه‌وێت كه‌ ساڵى ڕابردوو هه‌نگاوه‌كانى ده‌سپێكردنى جێبه‌جێكردنى نراون، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى تۆماركردنى مووچه‌خۆران به‌ سیسته‌مێكى ئه‌لكترۆنى و پڕۆژه‌ى وردبینیكردنى داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز و ڕێكخستنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و زیادكردنى داهاتى گشتى.

دواى ئه‌وه‌ به‌ڕێز ئامانج ڕه‌حیم سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ره‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌ر‌له‌مانى عیراق خسته‌ ڕوو. لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنێكه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستاندا بێت و داهاتى زیاتر بۆ هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات.

ئینجا به‌ڕێز ڕابه‌ر سدیق بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ پلانى وه‌زاره‌ت بۆ ئاماده‌كردنى به‌یانێكى دارایى سه‌باره‌ت به‌ داهاتى گشتیى ساڵى 2016 به‌ داهاتى فرۆشى نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كانى دیكه‌ و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌ له‌ بواره‌كانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ى به‌كاربردنى دامه‌راوه‌ و پڕۆژه‌كاندا خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ت پڕۆژه‌یه‌ك بۆ داهات و خه‌رجییه‌ گشتییه‌ خه‌مڵێراوه‌كان بۆ ساڵى 2017 ئاماده‌ ده‌كات تاكو له‌به‌ر ڕۆشناییى ئه‌و زانیاریانه‌ پێشبینییه‌كانى ساڵى داراییى 2017 بخرێنه‌ ڕوو.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌ته‌كانى ڕاسپارد كه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بكه‌ن و جه‌خت له‌ زه‌رووره‌تى پاراستنى هاوسه‌نگى له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كاندا كرایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌وله‌وییه‌ت بدرێته‌ دابینكردنى بڕه‌ پاره‌ى پێویست بۆ مووچه‌.

دواى ئه‌وه‌ به‌ڕێز ڕێكه‌وت حه‌مه‌ ڕه‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى ڕاپۆرتێكى ده‌رباره‌ى كه‌رتى ده‌رمان و ئامێر و پێداویستیى پزیشكى له‌ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ تیایدا كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌كان و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ستنیشان كرد بۆ چاكسازى له‌م بواره‌دا و له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند پێشنیارێكى گرنگى خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ جۆرێك گه‌ره‌نتیى سه‌لامه‌تى بكرێت له‌ پێدانى ده‌رمانى دروست له‌لایه‌ن كه‌سى شیاوه‌وه‌ و به‌ نرخێكى گونجاو، وێڕاى خسته‌ڕووى ڕاپۆرتێكى گشتى له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كانى كه‌رتى ته‌ندروستى و چاكسازى له‌ په‌یكه‌رى كارگێڕیى ئه‌م كه‌رته‌دا.

به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى و پێزانینیان بۆ به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستى و ستاف و دامه‌زراوه‌كانى وه‌زاره‌ت ده‌ربڕى و جه‌ختیان له‌ گرنگیى چاكسازى له‌ كه‌رتى ته‌ندروستیدا كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش بوارى ده‌رمان و كۆنترۆڵى جۆریى ده‌رمان و ڕێكخستنه‌وه‌ى بازاڕى ده‌رمان به‌ جۆرێك له‌ به‌رژوه‌ندیى هاووڵاتیان و پاراستنى ته‌ندروستیى گشتیدا بێت  و ڕێگه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنانى ده‌رمان بگرێت.

له‌ دوا بڕگه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ كار و چالاكییه‌كانى لیژنه‌ى باڵاى به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعش خسته‌ ڕوو.

تیایدا ئاماژه‌ى به‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى لیژنه‌كه‌وه‌‌ تا ئێستا له‌پێناو به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى داعش به‌رامبه‌ر به‌ خوشك و برایانى ئێزدى و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌‌كانى دیكه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ و هه‌ر له‌ میانى ڕاپۆرته‌كه‌یدا بژارده‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى خسته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمى به‌جینۆسایناساندنى ئه‌و تاوانانه‌ و ئاسته‌نگه‌ یاساییه‌كانى به‌رده‌میان.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز وه‌زیر و لیژنه‌كه‌ كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م كه‌یسه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك جینۆساید بناسرێت و قه‌ره‌بووى قوربانییان بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ په‌سه‌ند كران و لیژنه‌كه‌ ڕاسپێردرا كه‌ هه‌نگاوى كرده‌یى بنێت بۆ گه‌یاندنى دۆسیه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌كانى تاوانه‌كان به‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى و كاركردن له‌پێناو لابردنى به‌ربه‌سته‌ یاساییه‌كانى ئه‌م دۆسیه‌یه‌‌، له‌م ‌پێناوه‌شدا هه‌رچى له‌ ده‌ستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان درێخى ناكات.

Back to top button