وەزیرێکی پێشووتری عێراق دەستبەسەر دەکرێت
لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرای دەکات، دادوەری پسپۆڕ لە پێداچوونەوە بە كەیسەكانی دەزگای بنبڕكردنی تیرۆر، ئەمڕۆ بڕیاریدا تۆمەتبار ڕافع حیاد عیساوی بەپێی ئەحكامەكانی یاسای بنبڕكردنی تیرۆر دەستبەسەربكات و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكات سەبارەت بەو تاوانانەی تۆمەتبار كراوە بە ئەنجامدانی، دوای ئەوەی تۆمەتباری ناوبراو خۆی ڕادەستی لایەنە پەیوەنیدارەكان كرد.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ”عیساوی بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوكمی زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لەبەرانبەر تاوانی گەندەڵی ئیداری لەو دەمەی لە پۆستی وەزیری داراییدا بوو”.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هۆشداری دەدات لەوەی ”ئەگەر ڕێگری لەو حوکمە بکرێت ، بەپێی ئەحكامی یاسای دادگاكانی تاوان كە ڕێگە دەدەن بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتبار سزاكان بسەپێنن، تۆمەتبارەكە بە ئامادەبوونی خۆی و بەپێی یاسا دادگایی دەكرێتەوە و هیچ یاسایەکی دیکە ناتوانێت رێگری لیبکات ”.