هونەرمەند عەتا چاوشین توشی کۆرۆنا دەبێت و باری تەندروستی ناجێگیرە
هونەرمەند عەتا چاوشین تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لەبەشی چاودێری ورد لەژێر چارەسەرە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرمەندانی میللی کوردستان رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە عەتا چاوشین، هونەرمەندی دیاری هەرێمی کوردستان بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا باری تەندروستیی ناجێگیرە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پلازمای خوێنی یەکێک لەو توشبوانەی پێبدرێت کە چاکبونەتەوە.
پێشتریش د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئێستا 500 چاكبووی كۆرۆنا هەیە، بەڵام تائێستا ژمارەیەكی زۆر كەمیان بەدەم بانگەوازەكەیانەوە هاتوون بۆ بەخشینی پلازما بەتووشبوان و ئەوانەی هاتوون لەپەنجەیەكی دەست تێناپەڕن.