عەلی عەونی بۆ ئاراس جەنگی : فەرموو ئەگەر درۆ ناکەن بکشینەوە لەحکومەت

 

 

 

عەلی عەونی لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی وەڵامێک بۆ ئاراس جەنگی دۆمینەچی …

 

عەلی عەونی لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی وەڵامێک بۆ ئاراس جەنگی دۆمینەچی ، رووی پێنووسەکەی تێدەکات و دەنووسێت ، ھەر باشە تو لە جیاتی کاک مەسعود نیت؛ ئەگینا ھەولێریشت وەک کەرکووک تەسلیمی حەسەن پلایس دەکرد

 

 

عەلی عەونی وەک هەڵوێستێکی تەوساوی سیاسی بۆ داواکاری رووخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان مێژوویەک بیر دێنێتەوە و دەڵێت ،

ئەوە ئێستا نییە قەوارە نەماوە . لە ئینقلابەکەی ساڵی نەوەت چوارتانەوە تا ئێستا دوو ئیدارەیە . رەحمەت لە بابت من چەندین ساڵە ھاوار دەکەم کە خەڵکی سلێمانی بۆ چی بۆ داوا کردنی مافی خۆیان روو لە ھەولێر دەکەن ؟

ئیدارەیەک ئەگەر شایانی رووخاندن بێت بە دەستی خەڵکی سلێمانی ئیدارە گەندەڵەکەی خۆتانە

 

 

هاوکات عەلی عەونی ساڵانی فیفتی فیفتی نێوان پارتی و یەکێتی بیر ئاراس جەنگی دێنێتەوەو باس لە کردارێکی سەردەمی مناڵی خۆی دەکات کە ڕێک ئیستا لە یەکێتی رووی داوە و دەیانەوێت لاسایی مام جەلال بکەنەوە ، بۆیە  دەنووسێت ،

 

ئەوە ئێوەن کە یەکێتیەک کە لە ناوەوەدا پووکاوەتەوە دەتانەوێت بیگەڕێننەوە بۆ ساڵانی فیفتی فیفتی. پارتی زۆر جوان دەزانێت ئێوە بایی چەندن و کوێتان دێشێت. ئێوە بۆ لە بیر بردنی کێشە گەورەکانی ناوەخۆتان پێویستیتان ھەمێشە بە دوژمنی وەھمی و دەرەکی ھەیە.

ئێوە بە ئاوەزی کۆمەڵێك منداڵ و تواڵ دەتانەوێت رەفتاری مامجەلال بنوێنن . کاتی خۆی من کە تەمەنم پێنج شەش ساڵان بوو ؛ پاڵتاو و پێڵاوی  باپیرم لەبەر دەکرد و چاویلکەی ئەویشم لەسەر چاوم دادەنا و بە گۆچانەکەیەوە لاسایی رێ کردنی ئەوم دەکرد. خوایە چەند دیمەنێکی پێکەنێناوی بوو..!؟

ئێستا ئێوە پاڵتاو و پێڵاوی مامی خۆتان لەبەر کردووە . ئێوە دەزانن چەند کۆمێدیین؟

 

لە بەردەوامی بابەتەکەیدا بەشێک لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بیر ئاراسەکان دێنێتەوە و دەڵێت ،

 

# پارتی ھەمیشە بە ھۆش و بیرێکی سەردەمیانە رەفتاری لەگەڵ خەڵک و لایەنەکان کردووە. کە ئێوە رۆژ بە رۆژ لە روی ژمارە و مۆرال و دەستکەوتەوە بچووک دەبنەوە و پارتیش رۆژ بە رۆژ باڵا دەکات و لە ھەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و دەرەوە حیسابی بۆ دەکرێت نیشانەی گۆرانە لە بیرکردنەوەیدا و ھی ئێوەش چەقینە لە شوێنی خۆتاندا .

 

لە بەردەوامی بابەتەکەدا عەلی عەونی چەند پەیڤینێکی ئاراس جەنگی بە درۆ دەخاتەوە بیری دێنیتەوە کە ،

# راست ناکەی دەسەڵاتی سەرەکی لای سەرۆک بارزانییە و ئێمە ھاوسەرۆکمان نییە . بڕیاریش لای ئەو یەکلایی دەکرێت ،نەک وەک جەنابی موھتەدی گوتی دراوسێتان لەناو ئێوە بڕیار بەدەستە . لە بارەی بینینی سەرۆک بارزانیش ھەم دیسان درۆت فەرمووە . حیزبێک وەھا پتەو بێت و رێکخستنەکەی ملکەچ و گوێڕایەلی بڕیارەکانی سەرووی خۆی بێت بێگومان کۆبوونەوە و دیداری رێک و پێک و بەردەوام و نزیکی ھەیە. بەڵام وەک ئێوە ھەموو رۆژێک گۆبەند و بەزمێکی راگەیاندنیی نییە و بە بێدەنگی کاری خۆی دەکات. جەنابت سەردانی مامۆژنی خۆت دەکەیت دەیکەیە ھەواڵ بۆ ئەم میللەتە داماوە.

 

عەلی عەونی لە بابەتەکەی خۆیدا و لەو بەشەدا خەسارناسییەک دەکات بۆ گوێڕایەلی  یەکێتی بۆ ئاراس و براکەیی و دەنووسێت ،

ئەم سەرکردایەتیەتان بە گوێی تو و براتی کرد ھەتا کەرکووکیان رادەستی مورتەزا فشفشە و حەسەن پلایس کرد . لە کۆبوونەوەکانی پێک ھێنانی حکومەت ئێوە ئامادە نەبوون لەگەڵ کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور و کاک فازیل و دکتور رۆژ و ئەوانە بگەنە رێکەوتنی پێکھێنانی حکومەت. ھەتا ئەوان وازیان ھێنا و ئێوە لەگەڵ شاندی خوارتری پارتی گەیشتنە رێککەوتن. ئێوە ھەر نازانن چۆن لەگەڵ مرۆڤە گەورەکان دابنیشن.!

 

هەروەها عەلی عەونی باس لەوە دەکات چۆن ئەوان هەموو هەولێکیان دەدا بۆ بە دەست هێنانی پۆستێک ، لێرەدا بیریان دێنێتەوە و دەنووسێت ،

 

# ئێوە لە سەروبەندی پێکھێنانی ئەم کابینەیە لیکاوتان بە دەمدا دەھاتە خوارەوە بۆ بە دەستھێنانی چەند وەزارەتێک. باشم لە بیرە کە بە دەوری ئەو وەزارەتانەدا دەسوڕانەوە کە پارەی تێدایە و بۆ دەرفەتی خواردنی ماڵی ئەم میللەتە گەنگاشەتان دەکرد. ئێوە حەز بە وەرگرتنی ئەو وەزارەتانە نەبوو کە شوێنی خزمەتکردنن و راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا بێت . ئێمە ھەر وامان دیتوون لە خۆشی و ھەبوونیدا خاوەنن و لە تەنگانەدا خۆتان لێ بێبەری دەکەن. ئێوە پیاوی رۆژی تەنگانە نین. ئێوە دەزانن تێکی بدەن بەڵام نازانن ھیچ شتێک چاک بکەنەوە.

 

سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت عەلی عەونی دەنووسێت ،

راستیش ناکەن بۆ چوونە دەرەوە لە حکومەت ئەگینا کێ دەستی ئێوەی گرتووە ؟!

# حکومەتەکە فاشیل نییە . ئێوە بۆ ماسیگرتن لە ئاوی شلێو دا گەمە بە ھەستی خەڵکی ماندووی کوردستان دەکەن. چەقۆی چاکسازی ھاتووە سەر قوڕگتان . ئەگەر گەندەڵیەکانتان نەھێڵدران ، ئەو وەختە ئەم شیرین زمانیەشت نامێنێت.پەلاماری ئێوە بۆ حکومەت لەبەر خەمی خەڵک و ژیان و گوزەرانی گەل نییە . بەڵکو ئەم کارەتان ھەڵاتنە بۆ پێشەوە . ئەگینا ھەموو دنیا تووشی کێشەی ئابوری ھاتووە و خزمەتگوزاری راوەستاوە. ئەم بە ھەڵەدا بردنەی خەڵکتان لە پای چی ؟

 

 

 

هاوکات عەلی عەونی باس لە سیاسەتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات هۆکارەکن چین وا بەو سێوە هیرشی ناڕەوای دەکەنە سەر بۆیەش بەم شیوە ولامیان دەداتەوە .

 

سەرۆک وەزیران پیاوێکی بە دەسەڵاتە بۆیە وەھا پەلاماری دەدەن.

پێم بڵێ جێگرەوەی ئەم حکومەتی ھەرێمەتان چییە؟ ئایا ئێوە باشترتان ھەیە؟ یا دەتانەوێت ھەموو ھەرێم تەسلیمی ئاغای عەبادی بکەن؟

# بەڵێ کاک مەسرور قەرزی لە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی جێژنی خەڵک بە دڵخۆشی بەڕێوە بچێت. لەو سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرانە وەری گرتووە کە ئێوە رۆژ تا ئێوارە تانە و تەشەریان لێدەدەن. دەرچوو لە تەنگانەدا ئەوان لە ئێوە مەردتر و بەرپرسیارتر و ئازاترن بە ھەردوو کۆمپانیای کە ناویشت ھێناون. ئێوە خەریکی ھێلکەی ئێکسپایەر و دوگی ماوە بەسەرچوو بن.

# کاتی خۆیشی ھەوڵتاندا حکومەتی ئینقاز و ئین مریشک پێک بێنن ، بەڵام شکستتان خوارد. زۆر شەرمێکی گەورەیە کە ئێوە لە بەغدا ھەوڵتاندا و میزانیەی کوردستانتان بڕی و ئێستا شین و رۆ رۆی بۆ دەکەن! خەڵکیش ھان دەدەن لە پرسی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و ئازادیی کوردستان داوایان لە مووچە و بژێو دا کورت بکەنەوە . ئایا سەدام مووچەی نەدەدا؟

 

 

لە کۆتایی نووسینەکەی خۆیدا عەلی عەونی پرسیارێکی جەوهەری دەوروژێنێت و بەم شیوە ئاراستەیان دەکات .

 

 

ئایا راپەڕینی کوردستانیان لە دژی سەدام بۆ مووچە بوو؟

# راست دەکەی تو رۆژانە پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکی ناو بازاڕ ھەیە و دۆمینەشیان لەگەڵ دەکەی و ماسیی برژاویش لە ئیمام قاسم و قەڵا ئەگەر بوێریت لەگەڵ حەشد دەخۆی. جا عەیبی چییە حەشد ھێزێکی تێکۆشەرە و پێشمەرگە میلشیایە و ھەر خەریکی سێڵفی گرتن بووە..!؟

# راست دەکەی گۆڕان زوو بە فێڵی ئێوەی زانی و تێگەیشت کە رێککەوتنی دەباشان بۆ کاری پێکەوەیی نییە ، بەڵکو بۆ قووتدانیان بوو ، ئەویش دەچوو پارووەکەتان پێ قووت نەدرا.

یەکێک کە ئێوەی لە خۆتان باشتر ناسیوە.

Back to top button