عەمید هەڵگورد حیکمەت وەڵامی دوو میدیایی نەشیاو دەداتەوە

خواكوڕك
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە هه‌واڵێكی ”ناڕاستی (لڤین) و (ئاوێنە)” ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یێنێ، ”نازانم ئەو کارە ناپەسەندەیان بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و هەوڵدان بۆ سوكکردنی باری بێمتمانەبوونی میدیاکانیان کردوویانە یان مەرامی حزبی و سیاسی پاڵنەریان بووە؟!”
 
ده‌قی روونکردنەوەكە
هەردوو ماڵپەڕی (لڤین) و (ئاوێنە) لەسەر لێدوانێکمان هەواڵێکیان بڵاو کردۆتەوە و لە سەردێڕەکەیدا بە ناوی ئێمەوە نوسیویانە: (عەمید هەڵگورد: فەرمانمان پێ بکرێت شەڕی پەکەکە دەکەین). بەداخەوە ئەم ناونیشانەی بۆ هەواڵەکەیان داناوە زۆر دوورە لە راستییەوە و هیچ گوزارشتێکیش لەو قسانەمان ناکات کە بۆ پەیامنێرەکەی ئەو دوو ماڵپەڕە کردوومانە، تەنانەت هەر خۆیان بە ناوەڕۆکی هەواڵەکەیان ناڕاستی ئەو ناونیشانە دەسەلمێنن.
 
ئەو پەنابردنە بۆ شێواندنی لێداوانەکەمان دوورە لە بەرپرسیارێتیی پیشەیی و ئەمانەتی گواستنەوە و راستی وتن بە خەڵک. نازانم ئەو کارە ناپەسەندەیان بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و هەوڵدان بۆ سوكکردنی باری بێمتمانەبوونی میدیاکانیان کردوویانە یان مەرامی حزبی و سیاسی پاڵنەریان بووە؟! هەرکامیان بێت کارێکی نەشیاوە و جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە بە زەقی هەست بەوە دەکرێت کە ئاوەژووکردنی لێدوانەکەمان و داتاشینی مانشێتی فیتناوی لەو جۆرە، نەک هەر دژی ئەتەکێت و راستگۆیی پیشەی میدیایە، بەڵکو حەزێکی ئاژاوەگێڕانەی تیا بەدی دەکرێت و هەرگیز لە خزمەت بەرژەوەندیی ئەم هەرێمەدا نییە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان سەرباری ئەوەی لە شەڕدا دژی داعشی تیرۆریست ئەوا لەناوخۆیشیدا بە دۆخێکی سیاسی وادا تێدەپەڕێت کە بە تایبەتی ئەرکی میدیایە بە ئاراستەی چارەسازی و تەبایی ناوماڵی کوردی مامەڵە لەگەڵ گرفت و پێشهاتەکاندا بکات، نەک بەو جۆرە ببێتە هۆکاری ئاگرخۆشکردن. بۆیەشە وێڕای دووبارە رەتکردنەوەی ئەو ناونیشانە ناڕاستە، ئەوا بەو دوو راگەیاندنە رادەگەیەنین، ناچارین لەمەودوا خۆمان لێتان بپارێزین و ئەگەریش هەڵەی وا دووبارە بکەنەوە، ئەوکات رێگەی یاسایی دەگرینەبەر.
 
عەمید/ هەڵگورد حیکمەت
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
Back to top button