سهرۆكى ههرێمى كوردستان ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاشکرادەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەکانیاندا لە بەغدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دیالۆگی چارەسەری کێشەکانیان کردوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاندوە، ئەمڕۆ بە یاوەری جێگرانی سەرۆکی هەرێم، سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دیالۆگی چارەسەری کێشەکان و ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدییەکانی قۆناغەکەمان کرد.
هاوکات نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانامەیەکی لەبارەی کۆبونەوەکەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند جەختیان لە چارسەرکردنی کێشەکان کردۆتەوە بەپێی دەستور.
نوسینگەی کازمی ئاماژەی بەوەکردوە، عێراق ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوەتەوە، بۆیە هاوکاری هەموو لایەک بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە گرنگە، بەتایبەت لە کێشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و شارەوانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نێچیرڤان بارزانی چەندینجار سەردانی بەغدای کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆبووەتەوە. تەنیا هەشت رۆژ دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.