بەغدا.. سەرۆكی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ بوونەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوویەوە.

دوای گەیشتنی بۆ بەغدا بەمەبەستی تاوتوێكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێش ئەویش لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بلاسخارت، هەردوولا تیشكیان خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و دووپاتیان لە گرنگی هاوكاری و هاوئاهەنگی هەموو لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكان كردەوە.

كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنیان لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا كردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان كرد.

Back to top button