دژایەتی کردنی چاکسازی لە پێناو چی؟

بێگومان ئەزموونی رابردووی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان بێ کەم و کۆڕی نەبووە، لەبەر ئەوە ش جەماوەری کوردستان چاوەڕێی ئەوە لە بەڕێوەبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن پێداچوونەوە بە ھەڵەکانی رابردوو بکرێت، و دەخوازن چاکسازی لە بوارەکانی سیاسی و خزمەتگوزاری و بوارەکانی تر ژیاندا بکرێت. کابینەی ئەم جارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شۆڕە شێکی تایبەت بە سیستەم و میکانیزمەکانی فەرمانرەوایەتیکردن دەستی پێکرد لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ( مەسروور بارزانی) کە دوای ١٠٠ ڕۆژ لە وەرگرتنی ئەم پۆستە ھەنگاوی گرنگ وکاریگەری نا لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان.
نابێت چاکسازیی بە تەنیا پەیوەست بکرێ بە لایەنێک یان دوو لایەنی دیاریکراو، بەلکۆ ھەمە لایەنە و ھەموو بوارەکان دەگرێتەوە. بەڵام پرسی ئێمە لەم بابەتە ئەوەیە ئایا چاکسازیی ترسناکە کە چەند لایەنێک بەم شێوەیە خراپە دژایەتی دەکەن؟ کوردستان لە دوای رووخانی رژێمی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و سەردەمێکی نوێ لێرە دەستی پێکرد کە حوکمی دەسەڵاتی کوردی پێدەوترێت. ئەمەش لە پێناو پارێزگاری کردن لە قەوارەی سیاسی و دەستووری ھەرێمی کوردستان، گەرچی ئەم دەسەڵاتە لە بەرێوەبردنی وڵات و حوکمکردن یەک لایەن نەبووە و چەندین حزب و لایەن بوونیان ھەبووە لەکوردستان، بە درێژایی ژیانیش ناکۆکی لە نێوان ئەم حزبە سیاسییانە ھەبووە، جا ناکۆکییەکان بەرژەندی و پلە و پۆست بێت یا پارێزگاریکردن لەخاک و وڵات و میللەت!
ئەوەی جیێ سەرنجە لەم کابینەیەدا بە زەقی ئەم ناکۆکییە دەبینرێت، بەڵام ئەم ناکۆکی و دژایەتی کردنە بۆچی و لە پێناو چی؟ لە دوای بریاری چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان چەندین لایەن و حیزبی سیاسی کەوتنە دژایەتیکرنی ئەم کابینەیە و بە شکستخواردوو لە قەڵەمیاندا لە کاتێکدا خۆیان لەحکوومەت بەشدارن، ئەمەش سەلماندنی بوونی گەندەڵی و کەمتەرخەمی و بێ ئینتیمایی و فەرامۆشکردنی میللەت و بژێوی ژیانی خەڵکە.
چونکە چاکسازیی جگە لەگەڕانەوەی نەبێ بۆ پراکتیزە کردنی حوکمی یاساو راستکردنەوەی ھەڵەکانی رابردوو ھیچ مانەیەکی دیکە نادات، گشتگیرکردنی یاسای شەفافیەت، لێھاتوویی و بەرپرسیارەیەتی رێزگرتنی تاکەکان و ھاندانیان بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بە بێ دەستکاری کردنی ئەو ئەساسانەی کە لەسەری دانراون ناکرێت، حکوومەت ئەم جارە ئەیەوێت گۆرانکاری بکات، بێگومان ئەنجامدانی چاکسازیی و جێ بەجێکردنی یاسا لەبەرژەوەندی ھەندێ کەس و لایەن دەدرێت کە بەھەر بیانوویەکبێت بە ناشەرعی و یاسایی سوودکەندبوونە لە ماڵی میللەت.

بە پشت بەستن بە داھاتی ناوخۆ (گەشتیاری، بازرگانی، کشتوکال….ھتد) داھاتی نەوت کە سەرەکیترین داھاتە، پێاچوونەوە بە سیستەمی باج و دەرامەتەکان، داھاتی خاڵە گومرگی و دەروازەکان، رێکخستنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کەرتی تایبەت و پێداچوونەوە بەسەر گرێبەستەکان وە گەراندنەوەی ئەو داھاتانەی کە بە دەست حکوومەت گەیشتوون بۆخەزێنەی حکوومەت. لە ھەموو ئەوانە گرنگتر پێداچوونەوە و بە کارخستنەوەی بریاری چاکسازییە کە لە کابینەی پێشوو بریاری لەسەر درابوو، بەڵام نەخرابووە بواری جێبەجێ کردن.
لەگەڵ کەوتنە کاری کابینەی نۆیەم و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە حکوومەتدا بووە ئەگەری ئەوەی کە حکوومەت رووبەرووی سەختی و ئاستەنگی زۆر ببێتەوە بە ھۆی دژایەتی کردنی چەند لایەنێک و ھاندانی خەڵک بۆ وەستان بەرامبەر ئەم بریارانەی کە لەم کابینەیەدا دراون، لە ھەمووی گرنگتر بڕیاری ئەم کابینەیە خستنە بواری جێبەجێکردنی پرۆژە یاسای چاکسازییە کە نێردراوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکراوە ، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو بخرێتە واری جێ بەجێکردن، لەوانەیە زۆربەی خەڵکی کوردستان بە ھەڵە لەم بریارانە تێگەیشتوون یاخود تێگەیێندراون بۆ ئەوەی دژی ئەم بریارە بوەستن، لەگەل ئەوەشدا پێویستە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لەوە بگەن ئەنجامدانی چاکسازیی، جگە لە چەسپاندنی عەدالەت و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی ھیچ مەرامێکی دیکەی نیە، ئەوانەشی دژایەتی چاکسازیی دەکەن دیارە چەسپاندنی عەدالەت پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانیانە.

Back to top button