لیزا فەلەکەدین: سەرۆك وەزیران پێداگرییەکی زۆری کردووە کە ناکرێت رێژەیەکی زۆر لە مووچە کەمبکرێتەوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبونەوەی رۆژی یەك شەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی “پێداگرییەکی زۆری” کردووە لەسەر ئەوەی کە ناکرێت رێژەیەکی زۆر لە موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە، دەشڵێت، کەمکردنەوەی لە 21%ی موچە تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت و بۆ مانگەکانی داهاتوو یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لیزا فەلەکەین کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەرەی خۆی لە تۆری كۆمهڵایهتی فەیسبوك رایگەیاندووە، لەکۆبونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران کە تایبەت بوو بە پرسی پێدانی موچەی ئەم مانگە، چەندین تەوەر و پێشنیار گەڵاڵە کرا، بەڵام سەرۆك وەزیران پێداگرییەکی زۆری لەسەر ئەوە کردوە کە ناکرێت موچەی فەرمانبەران بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و لەپێناو ئەمەش تاکە کەسی نێو کۆبونەوەکە بوە کە ئامادەیی دەربریووە بڕی 100 ملیۆن دۆلار وەکو قەرز وەربگرێت بۆ دابەشکردنی موچە لەوە زیاتر دوا نەکەوێت و بەهەر شێوەیەك بێت رێژەی 35% کەمتر بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دواجار ئەو پێشنیارانەی سەرۆك وەزیران بووە بە کلیلی چارەسەری تەواوی خاڵ و بنبەستەکانی کۆبونەوەکە، بەوەی نوێنەری تەواوی لایەنەکان پێکهاتن لەسەر ئەوەی کەبڕی 21% لە موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان کەمکبرێتەوە جگە لەو موچانەی کە کەمترن لە 300 هەزار دینار، شایستە داراییەکانی شەهید، ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
لهكۆتاییدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، کەمکردنەوەی لە 21%ی موچە تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت و بۆ مانگەکانی داهاتو یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە دڵنیابن کاریگەری زۆی دەبێت لە نەهێشتنی نادادپەروەری و کەمکردنەوەی خەرجی و زیاترکردنی داهات.