سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك.. واده‌ی ده‌ست به‌كاربوونی پارێزگاری نوێی ئاشكرا كرد

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك رایدەگەیەنێت، ناوی كاندیدی پارێزگاری دھۆك پێشكەشی ئەنجومەن كراوە و ھەندێك رێكاری یاسایی ھەیە، كە تەواو كران، متمانەی پێ دەدرێت، بۆیە ھەفتەی داھاتوو متمانە بە پارێزگاری نوێی دهۆك دەدرێت.

فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاندووه‌: ناوی كاندیدی پارێزگاری نوێی دهۆك د. عەلی تەتەر گەیشتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك، بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت و، ئێمەش ھەندرێك رێكاری یاسایی پێویست دەگرینە بەر و ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەن كۆدەبێتەوە و متمانەی پێ دەدرێت.

عەبدوڵڵا گوتیشی: دوای متمانەدان بە پارێزگاری نوێ، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پۆستی دیكەی ئیداریدا دەكرێت.

فەرھاد ئەتروشی کە بڕیار وایە پۆستی پارێزگاری دھۆك جێ بهێڵێت لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە و هەڵگری بڕوانامەی دکتورایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری دھۆکە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، پێشتریش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان.

عەلی تەتەر کە وا بڕیارە پۆستی پارێزگاری دھۆك وەربگرێت لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٨ە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوو و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٧ کراوە بە بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ و تا ئێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.

Back to top button