سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پێشوازی لە بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمەریکا لە عێراق دەکات

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی ئێرنست تایکرت بەرپرسی باڵای  کاروباری بەرگری ئەمەریکا  لە عێراق.

 

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و گرنگی هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا.

 

بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کە رۆڵێکی کاریگەریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبووە لە ناوچەکەدا. ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. گوتیشی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگ و ستراتیجی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ناسەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی و جەختی لە کاراکردنەوەی میکانیزمی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا کردەوە کە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە.

Back to top button