وەزیری تەندروستی پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی کارمەندانی تەندروستی کۆچکردوو بە کۆرۆنا دەکات
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی ئەو چوار کارمەند و پەرستارەی وەزارەتی تەندروستی دەکات لە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتی ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا گیانیان لە دەست داوە .
د. سامان بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا
دەقی پرسەنامەکەی وەزیری تەندروستی:
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بەناوی وەزارەتی تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هەر چوار خوالێخۆشبووی کارمەندی تەندروستی و کارگوزار و شوفێرەکانی میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەکەین لە شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین کە بەداخەوە بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا.
پزیشكان و كارمەندان و فەرانبەرانی تەندروستی لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانیەن کە بەتەواوی تواناكانیانەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتیان بپارێزن و بەردەوام لە هەموو كارەساتەكان لە سەنگەری بەرگریبوون سڵیان نەکردۆتەوە.
لێرەوە دوبارە هاوخەمی و پرسەی خۆمان بۆ كەسوكاری قوربانیان دەردەبرین، داواكارین لە خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبووری بە كەسوكار و دۆستان و هاوپیشەکانمان بدات.
هاوكات داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن بۆ ئەوەی بتوانین لەم پەتایە ڕزگارمان بێت.
انا لله وانا الیه راجعون . . .
د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی/ حکومەتی هەرێمی کوردستان
23 حوزەیران 2020