وەزیری تەندروستی: داوا دەکەین قەدەغەی توندی هاتوچۆ دەسپێبکاتەوە

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، بەفەرمی داوا دەکەین قەدەغەی توندی هاتوچۆ دەستپێبکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین.

د.سامان بەرزنجی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، زۆر نیگەران بووین لە هەندێک شوێن زۆر بە خێرای رێکارەکان هەڵگیرا، بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و دەروازەی باشماخ، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی زۆری ڤایرۆسەکەبوو.

وەزیری تەندروستی هەرێم وتیشی، ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی داوا دەکەین رێکارەکان دەستپێبکاتەوە و توندوتۆڵ بکرێتەوە و بگەڕێینەوە بۆ رێکارەکانی سەرەتای ڤایرۆسەکە.

وەزیری تەندروستی هەرێم وتیشی ئەم داواکارییە بۆ ئەوەیە بتوانین ڤایرۆسەکە ڕابگرین و هەرێمی کوردستان لە مەترسی جدی ڕزگار بکەین.

وەزیری تەندروستی هەرێم بە چەند خاڵێک داواکارییەکانی خستە ڕوو خاڵەکانیش ئەمانەن:

یەکەم: بڕێاری قەدەغەی هاتوچۆ دەستپێبکاتەوە لەگەڵ پاراستنی بەرژەوندی هاوڵاتیان

دووەم- هاتوچۆی نێوان شار و شارۆچکەکان ڕابگیرێت و رێگەپێدان نەبێت

سێهەم- شوێنە گشتییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دابخرێن بەتایبەت شوێنە گەشتیاریەکان

چوارەم- زیاترکردنی پشکنینەکان بۆ ئەوەی توشبووی زیاتر بدۆزرێتەوە

پێنجەم- ڕاگرتنی دەوام لە فەرمانگە حکومی و ناحکومیەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو

شەشەم- سزادانی ئەو شوێن و دەزگایانەی کە پابەندی رێگاکانی خۆپاراستن نابن.

Back to top button