بەرهەم ساڵح لەبەغدا باسی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات
خواكوڕك
لەمیانی بەرێوەچوونی پانێلێكدا لە شاری بەغدا بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاند،ئێمەی كورد بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستووری ئەم وڵاتە، دەستوور بەشێكی زۆر لە كێشەكانی ئێمەی چارەسەركردووە، بەڵام دەستوور جێبەجێ نەكراوە و ئەو دەستوورە دید و بۆچوون و ویستی ئێمەی نەھێناوەتەدی، بەھەمانشێوە بەشێك لە عێراقییەكان پێیانوایە كوردەكان زیاد لە پێویست مافی خۆیان وەرگرتووە، ئەمە كێشەی عێراقە، نامەوێ بڵێم كێ بەرپرسە، ئەو پرسە پرسێكە دەبێ گفتوگۆی لەسەر بكەین، پێویستە بەغدا كێشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، كێشەكە خۆی لە یەك پرسیار دەبینێتەوە، كورد دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراق بمێنەوە یان لە عێراق جیاببنەوە، مافی گەلی كوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات یەكێك لەو بڕیارانەش سەربەخۆییە، پێویستە كورد لەنێوخۆیدا خۆیی یەكلا بكاتەوە و كە لەنێوخۆمان رێككەوتین بێینە بەغدا و ئەم پرسە یەكلا بكەینەوە نەك بچنە تاران و ئەنقەرە و واشنتن، ئەگەر دەمانەوێ بەڕاستی سەربەخۆیی بە دەست بێنین، دەبێ ھەموو ئەو ئەنجامانە بگرینە ئەستۆی خۆمان بگرینە ئەستۆ كە سەربەخۆیی بۆ ئێمەی دێنێتەدی”.
هەروەها بەرهەم ساڵح گوتیشی پێكھاتەی سوننی پێكھاتەیەكی گرنگە لە عێراق، پێكھاتەیەكی ھەرە گرنگە بۆ چارەسەركردنی ھزری توندڕەوی و تەكفیری، ئەگەر بمانەوێت رێگە لە داعشێكی دیكە بگرین دەبێ سوننەكان بەشداربن لە حوكمی عێراق، لە ھەمانكاتدا دەبێ ئەوانیش بەرپرسیاریەتی خۆیان بخەنە ئەستۆ، هەر سەبارەت بە دەستووری عێراق و جیابوونوەی راگەیاندنی سەربەخۆی كوردستان بەرهەم ساڵح گوتیشی دەستووری عێراق بەشێكی زۆر لە كێشەكانی كوردی چارەسەر كردووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، مافی گەلی كوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات یەكێك لەو بڕیارانەش سەربەخۆییە.
لەكۆتایش دا بەرهەم ساڵح گوتیشی، راستە دوای روخاندنی رژێمی بەعس كۆمەڵێك دەسكەوت بە دەستھاتوون، بەڵام دەبێ دانیش بەوە دابنێین كە ئێمە شكستمان خوارد لە پڕۆسەی سیاسیدا، پرسیار ئەوەیە چۆن چارەسەری ئەم شكستانە بكەین، باشترین سەرەتا ئەوەیە دان بە شكست دابنێین، پێویستە گفتوگۆیەكی راستەقینە لەگەڵ یەكتر بكەین و گفتوگۆەیەك لە بەغدا بكرێت و ھەموولایەك بەراشكاوانە راوبۆچوونیان بخەنەڕوو”.