قەوارەکە ھەردەمێنێ

مووچە گواستنەوە، رادەستکردنی کەرکووک ، بڕینی بودجە، سیخۆری کردن بۆ وڵاتان ھێندە نەبو داواکردن بۆ نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانیش ھاتەسەر، بەداخەوە بەشێکی ئەم رەوشەی ئێستا ھەرێما کوردستانێ تێدا تێدەپەڕێت وابەستەیە بەو پیلانەی لە راگەیاندنەکانەوە لەلایەن ھەندێ سیاسی و پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس ئاراستە دەکرێت، کە ئەمە ھێندەی دیکە رەوشەکەی ئالۆز کردوە، ئاخر ھیچ نەما بە سیاسی نەکرێت تەنانەت خەڵکیان تووشی کۆرۆناش کرد.
ئەو ژاوە ژاوەی لێرەو لەوێ دوو رۆژە لەبارەی ھەلوەشاندنەوەی قەوارەی کوردستان دەبیستین جگە لە خەونێکی بەتال ھیچی دیکەی لێ سەوز نابێت، چونکە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور دامەزراوە و دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیش لەنێو دەستووری ھەمیشەیی عێراق بە ئاشکرا ئاماژە بەوە کراوە عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵە و لە ھەردوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب پێک ھاتووە، ئەگەر پرسی مووچە و ھەندێ پرسی وەک خزمەتگوزاری لەلایەن ئەوانەوە وەبەرھێنانی پێوەبکرێت خۆ ناشکرێت لەسەر دەستووریش باز بدەن و دەست بۆ بردنی ھەلوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی و دەستووری ھەرێمی کوردستان ببەن( خۆ دواجار ئەوانیش لەچوارچێوەی ئەم قەوارە) بوونەتە پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی و ملیاردێر.
ئیدی دەبێت سنورێک بۆ ھەندێ کەس و لایەن ھەبێت، ناکرێت ھەر رۆژە و بەناوێک لەژێر بەھانەیەک دەست بۆ پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی ببەن، دوای رووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتێک دەستھەڵاتی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکان نەما خۆیان بینیەوە میلیشیا و شۆڤێنیەک ھیچ جیاوازیەکی نەکرد لەنێو ئەم و ئەو تەنانەت ئەوانەشی پێش تانک و کەتیبەکانی ئەوان کەوتبوون بەرۆژی رووناک ئیھانە و ریساکران، قەوارەی سیاسی و دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەردەمێنێ ئەگەر ئەوانیش نەمێنن، چونکە سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کورد لە عێراق پشتگوێ بخرێت و دەست بۆ پرسێکی وەھا ببەن.

Back to top button