ئه‌نجومه‌نی باڵایی فه‌توا:ئەو کەسانەی لەدەرەوەی یاسا دوو موچە لە حکومەت وەردەگرن موچەکانیان حەرامە

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە گوێرەی دەقە شەرعییەکان موچەی بندیوار یان ئەو کەسانەی بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکەن دامەزراون و موچە وەردەگرن لەگەڵ ئەو کەسانەی لەدەرەوەی یاسا دوو موچە لە حکومەت وەردەگرن موچەکانیان حەرامە وپێویستە مرۆڤی موسڵمان خۆی لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەدووربگرێت.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان
حوكمی موچه‌وه‌رگرتن به‌ بێ دوام كردن (بن دیوار) هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی دوو موچه‌ له‌ حكومه‌ت:
قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)
الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وصحبه ومن والاه وبعد:
دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هاوڵاتی‌و موچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستان داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا كرد كه‌ له‌ رووی شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ حوكمی موچه‌وه‌رگرتنی بێ‌ ده‌وامكردن كه‌ ناسراوه‌ به‌ موچه‌ی بندیوار، هه‌روه‌ها حوكمی شه‌رعی فره‌ موچه‌یی روون بكاته‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌تواش له‌ دانیشتی نا ئاساییی خۆیدا به‌ ئۆنلاین رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 27/6/2020 پاش تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ق و سه‌رچاوه‌كانی فیقهی ئیسلامی به‌ پێویستی زانی ئه‌م فه‌توای ده‌ربكات به‌ پێی ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ركه‌سێك به‌ شێوازێكی یاسایی دانه‌مه‌زرابێت موچه‌كه‌ی حه‌رامه‌و پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت ئیجرائاتی یاسایی به‌رانبه‌ر بكات.
دووه‌م: هه‌ركه‌سێك دامه‌زرابێت به‌ شێوازی یاسایی به‌ڵام ده‌وامی فه‌رمی خۆی جی به‌جێ نه‌كات ئه‌وا دیسان موچه‌كه‌ی حه‌رامه‌و، پێویسته‌ له‌ سه‌ری یان ده‌وامی فه‌رمی خۆی به‌ پێی یاسا جێ‌ به‌جێ‌ بكات، یان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و موچه‌یه‌ ببێت، كه‌ حه‌رامه‌ وه‌رگرتنی چونكه‌:
أـ موچه‌ی ناسراو به‌ هه‌وایی یان بن دیوار ناوی خۆی به‌ خۆیه‌وه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی بێ ماندوبوون و بێ‌ به‌رانبه‌ر مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت ئه‌مه‌یش بریتیه‌ له‌ خواردنی ماڵی یه‌كتر به‌ ناڕه‌واو به‌ باگل، قورئانیش بێگومان حه‌رامی كردووه‌ وه‌ك ده‌فه‌رموێت :{ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ } (سورة النساء: 29) هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: { وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ وَتُدْلُوا بِهَا إِلَى الْحُكَّامِ لِتَأْكُلُوا فَرِيقًا مِنْ أَمْوَالِ النَّاسِ بِالْإِثْمِ وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ } (سورة‌ البقرة‌: 188).
ب ـ خواردنی به‌ ناهه‌قی داهاتی ووڵاته‌، كه‌ مافی ته‌واوی هاوڵاتیانی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌یش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌ت‌و داگیركردن‌و به‌تاڵانبردنی ماڵی خه‌ڵكی‌و دزیكردنه‌ له‌سامانی گشتی، كه‌ حه‌رامه‌و تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌پێی ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌ت له‌قیامه‌تدا ته‌واوی خه‌ڵكی ده‌بنه‌ خه‌صم‌و داوای مافی خوراوی خۆیانی لێ ده‌كه‌نه‌وه‌.
ج ـ ده‌بێته‌ هۆی بارگرانی له‌ سه‌ر حكومه‌ت كه‌ نه‌توانێت مافی شایسته‌ی موچه‌خۆری راسته‌قینه‌ بدات.
د ـ كه‌سی بن دیوار ـ له‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان بژی یان له‌ هه‌نده‌ران ـ پاره‌یه‌ك وه‌رده‌گرێَت به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ستێت به‌ واجبی سه‌رشانی خۆی، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌ت ئه‌نجامی داوه‌و واژوو یان په‌نجه‌مۆری كردووه‌، كه‌ بێگومان دیسان ده‌چێته‌ خانه‌ی دزی‌و درۆزنی‌و فێلكردن‌و خواردنی ماڵی حه‌رام كه‌ تێكڕایان له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا وه‌ك ئاشكرایه‌ حه‌رام و كاری قیزه‌ونن.
ه ـ له‌ ئاكامی موچه‌ی بن دیواردا حكومه‌ت‌و میلله‌ت زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامیشدا پێویسته‌ هه‌موو جۆره‌ زه‌ره‌رێك لاببرێت‌و قه‌ده‌غه‌بكرێت به‌ پێی فه‌رموده‌ی دروستی: (لا ضرر ولا ضرار)) (أخرجه الإمام الشافعی فی مسنده بترتیب السندی: (2/ 165)برقم(575) عن عمرو بن یحیی المازنی(رضی الله عنه) ورواه الحاكم فی المستدرك علی الصحیحین(2/ 66)برقم(2345) وصححه وأقره الذهبی ). ئه‌م فه‌رموده‌یه‌یش بووه‌ته‌ یه‌كێ له‌ پێنج بنچینه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام كه‌ بریتییه‌ له‌ (الضرر یزال) (بڕوانه‌: الأشباه والنظائر لابن السبكي الشافعي (القاعدة الثالثة) (1/41). والأشباه والنظائر للسيوطي الشافعي: القاعدة الرابعة: (ص: 7). الأشباه والنظائر لابن نجيم الحنفي: القاعدة الخامسة: (ص: 72).
سێیه‌م: هه‌ركه‌سێك به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی خانه‌نشین كرابێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی ناشایسته‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌ربگرێت، به‌ پێی قاعیده‌ی شه‌رعی به‌ گه‌نده‌ڵی‌و فه‌سادی ئیداری هه‌ژمار ده‌كرێت‌و پاره‌كه‌ی حه‌رامه‌، چونكه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیداو به‌ پێی ماندووبوونی وه‌زیفی وه‌ریناگرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر حكومه‌ت چاو بخشێنێته‌وه‌ به‌و جۆره‌ خانه‌نشینكراوه‌نه‌دا كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا به‌ هه‌ر هۆكارێك خانه‌نشین كراون.
چواره‌م: به‌ نیسبه‌ت حوكمی دوو موچه‌یی:
له‌ پێناو به‌رجه‌سته‌بوونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌ خودا فه‌رمانی پێكرددووه‌ به‌ ئایه‌تی پیرۆزی:{ إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ} (سورة‌ النسا‌ء: 58)، پێویسته‌ موچه‌خۆری حكومه‌ت ته‌نها یه‌ك موچه‌ی هه‌بێت له‌ دام‌و ده‌زگاكانی حكومه‌تدا، واته‌ ته‌نها له‌ یه‌ك وه‌زاره‌ت یان ده‌سته‌دا دابمه‌زرێت، كه‌ یاسایش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ یه‌ك كاتدا له‌ دوو وه‌زاره‌تی حكومه‌تدا دامه‌زرابێت ئه‌وا موچه‌یه‌كیانی لێ حه‌رامه‌و پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری ببێت‌و حكومه‌تیش پێویسته‌ له‌ سه‌ری چاوپۆشی نه‌كات‌و ئیجرائاتی یاسایی ده‌رهه‌ق بكات. ئه‌گه‌رنا ده‌بێته‌ شه‌ریكی ئه‌و حه‌رام‌و تاوانه‌.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ دوو كاتی جیاوازدا بوو، وه‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه‌ بوو، به‌ رازامه‌ندی یاسایی بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ رۆژ موچه‌خۆری حكومه‌ت بوو كاره‌كه‌ی خۆی به‌ جوانی ده‌برده‌ سه‌ر، له‌ پاش ده‌وامی فه‌رمیش له‌ ده‌زگایه‌كی تری پیشه‌یی یان كه‌رتی تایبه‌ت دامه‌زرابوو ئه‌وا دروسته‌و هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌رعی نییه‌.
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی موچه‌ی بندیوار یان فره‌ موچه‌ییی نه‌ده‌زانی یان ده‌یزانی و له‌ به‌ر هه‌ر هۆكارێك ئیجرائاتی نه‌ده‌كرد، ئه‌وا ئه‌م نه‌زانین و ئیجرائات نه‌كردنه‌ی حكومه‌ت، موچه‌ حه‌رامه‌كه‌ حه‌ڵاڵ ناكات و پێویسته‌ له‌ سه‌ر مرۆڤی ئیماندار له‌ خودا بترسێت‌و بۆ خۆی چاكسازی له‌ خۆیدا بكات‌و خۆی‌و ماڵ‌و منداڵی به‌ دووربگرێت له‌ ماڵ و قوتی حه‌رام.
شه‌شه‌م: دوو موچه‌یی ئه‌گه‌ر له‌ نێوان حكومه‌تی كوردستان‌و حكومه‌تی عێراقیشدا بوو هه‌ر حه‌رامه‌و له‌ رووی حه‌رام بوونیه‌وه‌ هیچ جیاوازیه‌كی نییه‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێن:
نه‌هێشتنی موچه‌ی بن دیوارو دوو موچه‌یی ناڕه‌وا ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌ پێشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رپرسی راسته‌وخۆیه‌ له‌ چاكسازی‌و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌و دوو بابه‌ته‌یش دیارده‌یه‌كی قێزه‌وونن و به‌رچاوترینی رووی گه‌نده‌ڵی‌و فه‌سادن له‌ هه‌ندێك له‌ دام‌و ده‌زگاكاندا، وه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ده‌ربرَینی ناره‌زایی تێكڕای میلله‌ت‌و بارگرانی گه‌وره‌یش له‌ سه‌ر داهاتی حكومه‌ت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات هه‌وڵی قه‌لاچۆكردنیان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مۆچه‌خۆری راسته‌قینه‌ مافی خۆیان پێ‌ بدرێت‌و بندیواره‌كانیش ئیجرائاتی یاساییان له‌ ته‌ك بكرێت.
قورئانی پیرۆز فه‌رمانی داوه‌ به‌ نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌ گه‌نده‌ڵی‌و خراپه‌و سته‌مێك له‌ سه‌ر خه‌ڵكی وه‌ك ده‌فه‌رموێت: { إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ } (سورة‌ النحل: 90). به‌رده‌وامیش ئامۆژگاری دڵسۆزان‌و ساڵحان بۆ فه‌رمانره‌واو كاربه‌ده‌ستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووربن له‌ گه‌ندڵی و فه‌ساد چونكه‌ خودا گه‌نده‌ڵكارانی خۆش ناوێت، وه‌ك له‌ قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌و ده‌فه‌رموێت: { وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ } (سورة‌ القصص: 77).
داواكاریشین له‌ تێكڕای ئه‌وانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌ شێوازی ناڕه‌واو دوور له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌ت و یاساكانی موچه‌یان وه‌رگرتووه‌ ته‌وبه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌ن‌و ده‌مه‌و ده‌ست ده‌ستبه‌رداری ئه‌و موچه‌یان ببن تا خوای میهره‌بانیش لێیان خۆش ببێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان به‌رپرسیارن له‌ به‌رانبه‌ر خوداو خه‌ڵك‌و حكومه‌تدا.
خوای گه‌وره‌ یارمه‌تیده‌ری دڵسۆزانه‌.. وبالله تعالی التوفیق، وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وصحبه أجمعین.
ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ كوردستان
هه‌ولێر/ 5/ ژوالقعده‌/1441هـ= 27/ حوزه‌یران/2020م= 9/ پوشپه‌ر/2720ك

 

Back to top button