گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای رایگه‌یاند كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ بۆ ماوه‌ی 6 رۆژ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر له‌ سبه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ واری جێبه‌جێكردن، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پشووی دامودەزگا فەرمییەکان و دابەشکردنی مووچە بڵاوکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-

راگەیاندراوێک له‌ گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

له ماوه‌ی‌ رۆژانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و پشووی راگه‌یاندراوی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ستافی وه‌زیران و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ زۆر پێویستن ده‌وامی ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن و پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ش به‌ پێی ئه‌و لیسته‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری راده‌گه‌یه‌نێت به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌ هه‌ر چوار پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان ئاسانكاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ فه‌راهه‌م دەکرێت.

داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دەکەین لە پێناو سەلامەتی و تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان پابەندی رێنماییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.

د. جوتیار عادل
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
٢٠٢٠/٦/٢٨

Back to top button